Accessibility links

سوید دەڵێت هەنگاریا بەڵێنیداوە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ دوانەخات


سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن
سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن

سەرۆک وەزیری سوید دەڵێت ڤیکتۆر ئوربان سەرۆک وەزیری هەنگاریا دڵنیایی داوەتێ لەسەر ئەوەی بوداپێست ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا دواناخات، ئەمەش دوابەدوای ئەو هەواڵانەی کە گوایە پەرلەمانی هەنگاریا پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ دوادەخات.

ساڵی ڕابردوو دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سوید بە فەڕمی داوای ئەندامێتی کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاریا و تورکیا داواکەیان پەسەند نەکردووە.

سوید هیوادارە لە کۆبوونەوەی لوتکەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا کە بڕیارە لە 11-12 ی مانگی حەوتدا بەڕێوەبچێت ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا. بەڵام بەپێی خشتەیەک کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی هەنگاریا دەنگ لەسەر ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا نادات.

لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەندامێکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی هەنگاریا وتی یاسادانەرانی پارتە فەرمانڕەواکان لە کۆبوونەوەی کۆمیتەیەکدا پشتگیرییان لەوە نەکردووە هەفتەی داهاتوو دەنگدانەکە ئەنجام بدەن.

سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن وتی " دوێنێ قسەم لەگەڵ سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئورباندا کرد و زۆر بە ڕوونی پێی ڕاگەیاندم ئەوەی پێشووتر پێی وتووم هەر ئەوە دەکات."

کریستەرسن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەنگاریا بە هیچ شێوەیەک پڕۆسەی پەسەندکردنی داواکەی سوید دواناخات."

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد کە بەهۆی سوتاندنی قورئانەوە لەبەردەم مزگەوتێکدا لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوون، کریستەرسن وتی " پێم وایە زۆرێک هەن هۆکارییان بۆ ئەوە هەیە . بێگومان، بە تەواوەتی جێی قبوڵکردن نیە خەڵک لە وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ناو باڵیۆزخانەکانی سویدەوە."

وتیشی " پێشم وایە دەبێت ئێمەش خۆمان لە سوید هۆشمان بێتەوە، ئەمە دۆخێکی مەترسیداری سیاسەتی ئاسایشە و هیچ هۆکارێک نیە سوکایەتی بە خەڵکی دیکە بکەیت."

پۆلیسی سوید پیاوێکی دەستگیرکرد کە قورئانی سوتاند و بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی دژی گروپێکی نەژادی یاخود نەتەوەیی تۆمەتباری کرد، لە چاوپێککەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا پیاوەکە وتی پەنابەرێکی عێراقییە و هەوڵیداوە قورئان قەدەغە بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG