Accessibility links

پۆلیسی سوید دەڵێت ئەو ئامێری تەقینەوەیەی لە پارکی ستۆکهۆڵم دۆزراوەتەوە پوچەڵ کراوەتەوە


پۆلیسی سوید دەڵێت کیسێکی پڕ لە تەقەمەنییان لەناوبردووە کە لە پارکێکی ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتەکەدا دۆزراوەتەوە، هەروەها لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەیەوە ئەنجام دەدەن.

ڕووداوەکە کەمتر لە سێ هەفتە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی سوید ڕوویدا کە تاوان یەکێک دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکان لەنێو دەنگدەراندا.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا گوتی " بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی پۆلیس کیسەکە ڕۆژی یەکشەممە لە پارکی کونگسترادگاردندا دۆزراوەتەوە و ئامێرێکی تەقینەوەی تێدا بووە."

لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش هیچ کەس دەستبەسەر نەکراوە. پۆلیس هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی ئاخۆ دەبێت کێ ئامێری تەقینەوەکەی لەوێدا دانابێت یاخود ئامانجەکەی کێ بووبێت.

پارکەکە لە ناوەڕاستی ستۆکهۆڵمە و یەکێک بووە لەو شوێنانەی کە ڤیستیڤاڵی ساڵانەی کلتوری تیادا بەڕێوەچوو، لە 17 ی مانگی هەشتەوە بۆ 21 ی هەمان مانگ، هەروەها کۆنسێرت و چالاکی خێزانی و بۆنەکانیشی تیادا بەڕێوەچووە.

پۆلیس گوتی ناوچەکە تەوق دراوە و ئامێری تەقینەوەکەش لەلایەن تیمێکی شارەزای پوچەڵکردنەوەی بۆمبەوە پوچەڵ کراوەتەوە.

سەرۆکی بەشی پۆلیسی ناوچەی نۆرمالم ئێریک ئاکیرلوند گوتی " ئێستا سەرجەم بەشەکانی ئامێرەکە شیکارییان بۆ دەکرێت."

گوتیشی " دوای ئەنجامدانی سەرجەم شیکارییەکان لە ناوەندی شیکاری نیشتیمانی، ئینجا دەتوانین بڵێین کە ئایا ئامێرە مەترسیدارەکە کاری کردووە یاخود نا."

لە ساڵی 2010 ەوە ئاستی هەڕەشەی تیرۆر لە سوید " بەرزبۆتەوە "، بەجۆرێک لە کۆی پێنج ئاست لە ئاستی سێدایە.

زیاتر لە 200 ساڵە سوید جەنگی نەکردووە، بەڵام سەربازانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە بەشدارییان لە ئەرکەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کردووە، لە مالی و ئەفغانستان و عێراق و کۆسۆڤۆ و وڵاتانی دیکەش.

لە ساڵی 2017 دا پەنابەرێکی ئۆزبەکی پێنج کەسی کوشت کاتێک بارهەڵگرێکی دزراوی لێخوڕی و خۆی کرد بە ناو خەڵکەکەدا لە سەر شەقامێکی نزیک لە کونگسترادگاردنەوە. لە ماوەی دادگاییکردنەکەیدا گوتی ویستوویەتی سزای سوید بدات لەسەر ئەوەی بەشداریکردووە لە شەڕی جیهانی دژ بە چەکدارانی ڕێکخراوی داعشدا.

پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی سوید کۆمەڵێک پلانی دیکەی هێرشییان لە وڵاتەکەدا پوچەڵکردۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG