Accessibility links

سەرۆکی سویسرا: ئەگەرێکی زۆر هەیە سویسرای بێلایەن سەرمایەکانی ڕووسیا سڕبکات


سەرۆکی سویسرا ئیگنازیۆ کاسیس
سەرۆکی سویسرا ئیگنازیۆ کاسیس

سەرۆکی سویسرا ئیگنازیۆ کاسیس دەڵێت " ئەگەرێکی زۆر " هەیە سویسرای بێلایەن شوێن یەکێتی ئەوروپا بکەوێت لە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیا و سڕکردنی سەرمایەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکەدا.

سەرۆکی سویسرا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی ئەنجومەنی فیدڕاڵی حەوت ئەندامەکە ڕۆژی دووشەممە کۆدەبنەوە و تاوتوێی پێشنیارەکانی وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری دەکەن.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا سویسرای ناوەندی دارایی و بازرگانییەکان شوێن یەکێتی ئەوروپا دەکەوێت لە سڕکردنی سەرمایەکانی ڕووسیادا، سەرۆکی سویسرا لە وەڵامدا وتی " ئەگەرێکی زۆر هەیە سبەینێ حکومەت بڕیار بدات ئەو کارە ئەنجام بدرێت، بەڵام ناتوانم پێشوەخت باس لە بڕیارەکان بکەم."

کاسیس وتی دەبێت بێلایەنی سویسرا بپارێزرێت و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی ئۆفیسەکانی بۆ دیبلۆماسی، ئەگەر لە حاڵەتێکدا گفتوگۆکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لەسەر سنووری نێوان ئۆکرانیا و بێلاڕووس شکستیان هێنا.

سویسرا هاوسۆزی خۆی بۆ ڕۆژئاوا دەربڕیوە و هاوکات بێلایەنییەکەی خۆشی پاراستووە، حکومەتی وڵاتەکەش دەڵێت سویسرا دەکرێت ببێت بە نێوەندگر.

بەڵام ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بۆتەوە لەسەر ئەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بکات دژی مۆسکۆ و سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ڕووسیا جێبەجێ بکات. حکومەتی سویسرا تاوەکو ئێستا وتوویەتی ڕێگە نادات سویسرا وەکو سەکۆیەک بەکاربهێندرێت بۆ سەرخستنی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی شەممە نزیکەی 20,000 هاوڵاتی لە بێرنی پایتەختی سویسرا خۆپیشاندانیان دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ئەنجامدا و پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا دەربڕی.

ڕۆژی یەکشەممە کاسیس وتی ئەو ئۆکرانییانەی کە لە وڵاتەکەیان هەڵدێن " بۆ ماوەیەکی کاتی لە سویسرا پێشوازییان لێدەکرێت، بەڵام هیوادارین بۆ ماوەیەکی زۆر کورت بێت."

وەزیری دادی سویسرا کارین کیلەر سوتەر بەشێوەیەکی جیا وتی سویسرا ئامادەیە ئەو کەسانە وەربگرێت کە پێویستیان بە پاراستن هەیە و پشتیوانی لەو وڵاتانەی دراوسێش دەکات کە ڕەوشەکە کاریگەریی لەسەر دروستکردوون. وتی " خەڵکەکە بە تەنها جێناهێڵین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG