رێکەوتنی نێوان شەڕوانەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و سوپای سوریا لە عەفرین، هێشتا پەرەسەندنی زیاتری بەخۆوە نەدیوە، هێرشی تورکیاش بۆ سەر عەفرین بەردەوامە، ئەم هەنگاوەی شەڕوانان زۆر باس دەکرێت لە نێوان ئەوانەی ڕەدی دەکەنەوەو لە نێوان ئەوانەش کە وەها لێکی دەدەنەوە کە کورد کارتێکی تری بەکار هێنا. لەم وتوێژە لوقمان غەفوور وەک رۆژنامەوانێکی دانیشتووی ئەمریکا لای وایە یەپەگە کارتێکی دوو سەرەی بەکارهێناوە "پێم وایە لە لایەک کارتێکی باشە تاوەکو بێدەنگی ئەمریکا بشکێنێت، لە لایەکی تر خراپە، پەنابردن بۆ رێکەوتن لەگەڵ دوژمنی دوژمنەکەت، ئەمەش وەک زۆر شۆڕشی تری کورد لە ئەستەنگەکاندا پەنایان بۆ دوژمنی دوژمنەکانیان بردووە."
شەڕی سوریا بە گشتی وەک زۆر لە ئاگایانی سیاسی باسی دەکەن بووەتە شەڕێکی هەرێمی و نێو دەوڵەتی، تورکیاش وەک لایەنێکی ئەو شەڕە دەیەوێت بە شەڕی عەفرین کۆمەڵێک ناوچە بەدەست بهێنێت، وەک چۆن ئەمریکا ناوچەیەکی بەدەستەوەیە، هەروەها روسیاو ئێرانیش. لوقمان لای وایە بەم رێکەوتنە ئاستی شەڕەکە دەگۆڕێت، دەشڵێت "یەپەگە بژارەی تریان لەبەردەستدا نەبوو، بەلەدەستدانی عەفرین کانتۆنەکانی دیش دەکەوتنە بەر مەترسی گەورە، رەنگە ئەم رێکەوتنە پەرە بسێنی بۆ ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەل، لایەکی تریش گریمانەیەکی بەهێزە کە ئەو شەرە ببێتە شەڕی دەوڵەتی سوریاو تورکیا، ببێتە شەڕێکی سارد کە ئەمریکاو روسیاش لە پشت هاوپەیمانەکانیانەوە بن."