Accessibility links

پەنتاگۆن: ڕێبەرێکی باڵای ئەلقاعیدە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە سوریا کوژراوە


ڕۆژی هەینی پنتاگۆن ڕایگەیاند، سەرکردەیەکی باڵای ئەلقاعیدە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوەکانی ئەمەریکا لە سوریا کوژراوە.

ئەو هێرشە دوو ڕۆژ پاش ئەوە بوو کە بەنکەیەکی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا هێرشی کرایەسەر.

جۆن ڕیگسبی وتەبێژی ناوەندی سەرکردایەتی لەشکری ڕایگەیاند " ئەمڕۆ عەبدولحەمید ئەلمەتەر سەرکردەی باڵای قاعیدە لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا کوژرا."

ئەو گوتیشی هەتا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر زیانی گیانی هیچ کەسێکی سیڤیل لەو هێرشەدا نەبووە و ئەو هێرشە بە ڕێگای بەکارهێنانی فڕۆکەی جۆر MQ-9 ئەنجام دراوە.

ئەو سەرکردە لەشکرییە ڕایشیگەیاند " لەناوبردنی ئەم سەرکردە باڵایەی ئەلقاعیدە تواناکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە پەک دەخات بۆ پلانی ئەنجامدانی هێرشە جیهانییەکان."

لە کۆتایی مانگی نۆشدا ئەمەریکا سەلیم ئەبوئەحمد، یەکێکی تر لە فەرماندە گەورەکانی ئەلقاعید لە سوریای لە هێرشێکی ئاسمانی نزیک ئیدلب باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا کوشت.

بە وتەی نێوەندی لەشکری ئەو بەرپرسیاربوو لە " پلاندانان، بودجە تەرخانکردن و پەسەندکردنی هێرشەکانی ئەلقاعیدە لە تەواوی ناوچەکە."

ڕیگسبی ڕایگەیاند " ئەلقاعیدە هێشتا هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانانمان. ئەلقاعیدە سوریا وەکو حەشارگەی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ خۆدروست کردنەوە، هەماهەنگی کردن لەگەڵ پەیوەندییە دەرەکییەکانی، و پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوە."

شەڕی بەردەوام لە سوریا بووەتە هۆی دروستکردنی گۆڕەپانێکی ئاڵۆزی شەڕی نێوان هێزە سەربازییە بیانییەکان وچەکدارە ملیشاکان و جیهادییەکان.

لەوەتای ئەو شەڕە لە ساڵی 2011 وە بە خۆپیشاندانێکی دژە حکومەت سەری هەڵدا نزیکەی نیو ملیۆن کەس کوژراون.

XS
SM
MD
LG