Accessibility links

دوای بومەلەرزەکە، ئەسەد داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات یارمەتی بدەن لە دووبارە بونیادنانەوەی سوریادا


بەشار ئەسەد و مارتن گریفیث، دیمەشق
بەشار ئەسەد و مارتن گریفیث، دیمەشق

سەرۆکایەتی سوریا دەڵێت سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بەرپرسی ئەرکە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیثدا داوای یارمەتی نێودەوڵەتی کردووە بۆ دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکە کە بەهۆی بومەلەرزە بەهێزەکەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

سەرۆکایەتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەسەد جەختی لە گرنگی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردۆتەوە بۆ یارمەتیدان لە دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی سوریادا."

بەرپرسان و تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەوە زیاتر لە 35,000 کەس لە تورکیا و سوریا گیانیان لە دەستداوە، زیاتر لە 3500 کەسیان لە سوریا بوون.

زۆرجار دیمەشق بەرپرسیارێتی قەیرانە داراییەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەو سزایانەی ڕۆژئاوا سەپاندوونی بەسەر سوریادا، ئەوەش بەهۆی جەنگی ناوخۆی سوریاوە کە سەرەتا بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دەستیپێکرد و دواتر پەرەی سەند بۆ ئەوەی زلهێزەکانی جیهان و جیهادییەکانی سەرانسەری جیهان بێنە ناو جەنگەکەوە.

سەرەڕای سزاکان، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادان لە ڕێی دەزگا مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە یارمەتییان پێگەیشتووە، زۆرێک لەو دەزگایانە بارەگاکانیان لە دیمەشقە.

ڕۆژی دووشەممە گریفیث دوای ئەوەی سەردانی حەلەبی کرد لە دیمەشق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقدادیشدا کۆبۆوە، بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە حەلەب زیاتر لە 200,000 کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە بەبێ ماڵ ماونەتەوە.
گریفیث لە حەلەب بە ڕۆژنامەنووسانی وت نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات پارەی ئەو ڕێکخراوانە زیاد بکات کە دوای کارەساتەکە یارمەتی هاوڵاتییانی سوری دەدەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG