ماڵپەڕی هەواڵی تایمزی ئیسڕائیل بە پشتبەستن بە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە کە بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری دەیرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دوو چەکداری لایەنگری ئێران کوژراون.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری ململانێکانی ناو سوریا دەکات ڕایگەیاندووە ئامێرێکی تەقینەوە لە ناو ئوتومبێلێکدا لە نزیک ناوەندی کلتوریی ئێران تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو چەکداری لایەنگری ئێران کوژراون.
ڕوانگەی سوری کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و سەرچاوەی لە سەرانسەری سوریادا هەیە وتی هێزەکانی حکومەتی سوریا و گروپەکانی سەر بە ئێران دەوروبەری شوێنی هێرشەکەیان گرتووە.
هێشتا ڕوون نیە کێ لە پشت هێرشەکەی دەیرەزوورەوە بووە.
سەرچاوە/ تایمزی ئیسڕائیل