Accessibility links

ئەو گروپە چەکدارییانەی کە حەلەبی سوریایان گرت کێن؟


هێزە یاخیبووەکان و گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانی کە هەفتەی ڕابردوو هێرشێکی گەورەیان کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، حەلەبی دووهەم گەورەترین شاری سوریایان گرت. ئەمەش بە گەورەترین پەرەسەندن دادەنرێت لە جەنگەکەی ناو سوریادا لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 وە هەڵگیرسا.

حەلەب کە بە پایتەختی ئابووری سوریاش ناسراوە، لە ساڵی 2016 ەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددایە، لەو کاتەوەی کە هێزەکانی حکومەت بە یارمەتی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران و هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا هێزە یاخیبووەکانییان لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکە دوورخستەوە.

چەندین فراکسیۆنی یاخیبوو و گروپی چەکداریی بەشدارن لە شەڕی حەلەبدا. ئۆپەراسیۆنەکە بە ڕێگریکردن لە دوژمنکاری ناسراوە و لەلایەن گروپی چەکداریی هەیئەت تەحریر ئەلشامەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە گروپێکی ئیسلامییە و کۆنتڕۆڵی زۆربەی پارێزگای ئیدلیبی کردووە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا. پێشتر گروپەکە بە بەرەی نوسڕە ناسرابوو و لقی سەرەکی ئەلقاعیدە بوو لە سوریادا هەتاوەکو ساڵی 2017، کاتێک بە فەڕمی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گروپی ئەلقاعیدەدا پچڕاند.

بەپێی ئێرۆن زەلین لە ناوەندی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئایدۆلۆژی ئێستای گروپەکە زیاتر ناوخۆییە وەکو ئەوەی جیهانی بێت.

زەلین بە دەنگی ئەمەریکای وت " هێشتا وەکو توندڕەو لێیان دەڕوانم. هێشتا هەندێک چەکداریی بیانییان تێدایە، هەروەها پشتیوانییان لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس کردووە بۆ سەر ئیسڕائیل." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشەکەی حەماسی فەلەستینییەکان لە ساڵی 2023 دا کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس لە ئیسڕائیل.

هەیئەت ئەلشام نزیکەی 30,000 چەکداری هەیە، بە شێوەیەکی بەرچاو لە باکووری ڕۆژئاوای سوریادان.

زەلین وتی " خۆیان بە جۆرێک لەم سیاسییە جیهادییانە دەناسێنن، کە تێیدا ئایینزانی چیتر ڕابەرایەتی ئەو کارانە ناکات کە ئەنجامی دەدەن، هاوشێوەی داعش یاخود ئەلقاعیدە کە ئەوان بۆچوونی زیاتری سیاسیی دەخەنە کارەکانییانەوە، بەڵام هێشتا زیاتر گرنگی بە جیهاد دەدەن، وەکو چۆن ئێستا دەیبینین ئەم شەڕە چۆن دەخەنە چوارچێوەوە."

وتی " یەکێک لەو شێوازانەی کە من سەیری ئەم پرسە دەکەم ئەوەیە کە ئەوان لە جیهادییەکی جیهانییەوە گۆڕاون بۆ ڕژێمێکی ناوخۆیی."

تورکیا پشتیوانی لە یاخیبووان دەکات

یەکێکی دیکە لەو گروپە چەکدارییانەی کە بەشدار بوون لە هێرشەکەدا بۆ سەر حەلەب، سوپای نیشتمانی سوریا بووە، کە ڕێکخراوێکی چەترییە بۆ چەندین گروپی چەکداریی و لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

سوپای نیشتمانی سوریا لە ساڵی 2017 دا وەکو هێزێکی چەکداریی حکومەتە کاتییەکەی سوریا کە تورکیا پشتیوانی لێدەکات، دامەزرا. سوپای نیشتمانی سوریا کۆنتڕۆڵی چەند بەشێکی باکووری ڕۆژئاوای سوریای کردووە. پێشتریش بەشدار بووە لە دوو هێرشدا بە پشتیوانی تورکیا دژی هێزە کوردییەکان لە ساڵی 2018 و 2019 دا.

هەندێک لەو گروپانەی کە هاوپەیمانی سوپای نیشتمانی سوریان بەوە ناسراون کە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی ئیسلامییان هەیە. ساڵی ڕابردوو وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر لیوای سولەیمان شا و یەکەی حەمزەدا سەپاند، کە دوو بەشی سەرەکین لە ناو سوپای نیشتیمانی سوریادا، ئەوەش لەسەر " پێشێلکردنی مەترسیداری مافەکانی مرۆڤ دژی دانیشتوانی ناوچەی عەفرین لە باکووری سوریا."

کارۆلین ڕۆز شیکەرەوەی سیاسی لە ناوەندی نیو لاینس لە واشنتن ، وتی " وادیارە کە هاریکارییەکی هەستیار و سست هەیە لە نێوان هەیئەت تەحریر ئەلشام و سوپای نیشتمانی سوریادا، ئەوەش دوای چەندین ساڵ لە گرژی و شەڕ."

ڕۆز بە دەنگی ئەمەریکای وت " لە کاتێکدا کە تورکیا تاکلایەنانە دەستیوەرداوەتە ڕکابەرییەکەوە بە هۆکاری ئاسایشی باکووری ڕۆژئاوای سوریا، ئەوە ڕوونە کە ئەنکەرە سودی بینیوە لە دروستکردنی هاوبەشییەکی زیاتر لە نێوان هەیئەت تەحریر ئەلشام و سوپای نیشتمانی سوریادا بۆ ئەنجامدانی ئەم لەشکرکێشییە بۆ ناو حەلەب."

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە ئەنکەرە وتی پەرەسەندنەکانی ئەمدواییانە لە حەلەب ئەنجامی چارەسەرنەکردنی کێشە درێژخایەنەکانە نەک دەستوەردانی دەرەکی. هۆکاری توندوتیژییەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی سوریا ڕەتی کردووەتەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا بکات.

لە کاتێکدا کە هێرشەکەی سەر حەلەب ڕاگەیەندرا، لە هەمان کاتدا هێرشێکی دیکەی سوپای نیشتمانی سوریا بە پشتیوانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە ڕابەرایەتی کوردەکان ڕاگەیەندرا. هێرشەکەی سوپای نیشتمانی سوریا دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە نزیک تەلڕەفعەت بوو.

ڕۆز وتی ئەم کارە پێشینە جیاوازانە دەتوانێت ئەوە یەکلایی بکاتەوە کە ئایا سوپای نیشتمانی سوریا و هەیئەت تەحریر ئەلشام بەردەوام دەبن لەم هاریکارییەی نێوانییان یان نا.

وتی " لە کاتێکدا کە سوپای نیشتمانی سوریا بەرەو تەلڕەفعەت دەجووڵا دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەیئەت تەحریر ئەلشام سەنگی خستبووە سەر دامەزراندنی حکومڕانییەک لە شوێنە ستراتیژییەکانی حەلەبدا. تورکیا پێدەچێت یاری بەم ڕکابەرییە بکات و بۆ سوودی خۆی بەکاریبهێنێت لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدات دووبارە هێڵەکانی شەڕ بکێشێتەوە و کاریگەرییەک بۆ خۆی دروست بکات لەسەر ڕژێمەکەی ئەسەد و ئەمەریکا و ئێران و کارەکتەرەکانی دیکە لە سوریادا."


هەروەها چەندین گروپی دیکە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکەن بەشێکن لە هێرشی حەلەب، لەوانە ئەحرار شام کە هاوپەیمانییەکی کوتلە ئیسلامییە چەکدارەکانە و لە سەرەتای شەڕەکانی سوریادا دامەزراوە. گروپێکی تری ئیسلامی بە ناوی بزووتنەوەی نورئەلدین زەنکی لە ساڵی 2014 لە شاری حەلەب سەریهەڵدا و پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ کەناڵی هەیئەت تەحریر ئەلشام هەیە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG