هه‌زاران که‌س له دانیشتوانی ناوچه گوندیـیه‌کانی باکوری ڕۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب کە زۆربەیان عەرەبن به‌ره‌و شاری عه‌فرین هه‌ڵدێن، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی حکومه‌تی سوریا به پاڵپشـتی فڕۆکەکانی ڕووسیا ده‌ستیانکردووه به هه‌ڵمه‌تێـکی له‌شکری گه‌وره بۆ سه‌ر هێزه‌کانی به‌ره‌ی نوسره و ئه‌حراری شام و بزوتنه‌وه‌ی نوره‌دین زه‌نگی.
هێزه‌کانی ئه‌سه‌د توانیویانه پـێشڕه‌ویـیه‌کی به‌رچاوبکه‌ن و شه‌ڕه‌کان ئه‌م گوندانه‌ی گرتووه‌ته‌وه، ته‌ل ڕفعه‌ت، حهردهتنین، ڕیتان، کهفرناها، شێخ عێسا. به‌پـێی په‌یامنێرمان له ئێسـتادا زیاتر لە 10 هه‌زار که‌س ڕوویان له شاره‌که کردووه و هێشتا هاتنی ئاوارەی دیکە به‌رده‌وامه.
حکومه‌تی تورکیاش سنووری به ڕووی ئاواره‌کان داخستووه و ناچار هه‌ر ده‌بێت ڕوو له عه‌فرین بکه‌ن.
ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی حکومه‌تی سوریا ده‌ڵێن گه‌مارۆی سه‌ر هه‌ردوو گوندی شیعه‌نشینی نوبه‌ل و زه‌هرایان شکاندووه که‌وا بۆ زیاتر له 3 سـاڵه له ژێر گه‌مارۆی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆندا بوون و حکومه‌ت ته‌نها له ڕێگه‌ی فڕۆکه‌وه خۆراک و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ ڕهوانهدهکردن.
ئامینە مستۆ ڕاپـۆرتێـکی ڤیدیۆیی لەم بارەیەوە ناردووە.