Accessibility links

میدیای سوریا باس لە تەقینەوەی ئوتومبێلێک دەکات لە دیمەشق


میدیای دەوڵەتی سوریا بڵاویکردەوە ڕۆژی دووشەممە ئوتومبێلێک لە ناوچەی مەزەی دیمەشق تەقیوەتەوە، ناوچەکە باڵیۆزخانەکان و بارەگاکانی ئاسایشی تێدایە. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا هۆکاری تەقینەوەکە چی بووە.

دەزگای فەڕمی هەواڵی سانای سوریا وتی " ئوتومبێلێک تەقیوەتەوە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی " مەزە، پەیامنێرێکی فرانس پرێسیش وتی لەو شوێنەدا هۆتێلێک زیانی پێگەیشتووە و چەندین ئوتومبێلیش سوتاون، ئەوەش دوابەدوای تەقینەوەکە لە نزیک وەزارەتی ڕاگەیاندنی سوریا.

سانا هێشتا باسی لە زیانە گیانییەکان نەکردووە، بەڵام ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی لانیکەم کەسێک کوژراوە.

گەڕەکی مەزە کە ماڵی ئۆفیسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بووەتە ئامانجی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە خراونەتە پاڵ ئیسڕائیل.

بەڕێوبەری ڕوانگە ڕامی عەبدولڕەحمان وتی ناتوانێت هۆکاری تەقینەوەکە پشتڕاست بکاتەوە بەڵام وتی ڕەنگە بەهۆی هێرشی ئاسمانییەوە بووبێت.

پێشتر لەم مانگەدا حکومەتی سوریا وتی حەوت کەس لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر بینایەکی نیشتەجێبوون و بینایەکی بازرگانی لە مەزە کوژراون.

ڕوانگە وتی لەو هێرشەدا نۆ کەس کوژراون، پێنجییان هاووڵاتی سڤیل بوون و منداڵێکیشیان تێدا بووە. وتی هێرشەکە بینایەکی کردووەتە ئامانج کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانەوە بەکارهێندراوە.

ئیسڕائیل بە دەگمەن باس لە هێرشە ئاسمانییەکانی دەکات لە سوریادا، بەڵام چەندین جار وتوویەتی ڕێگە نادات ئێرانی دوژمنی لە سوریا بوونی خۆی فراوان بکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG