Accessibility links

لێکۆڵەران دەڵێن مەترسی هەیە قەیرانی مرۆیی لە سوریا لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت


لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لەسەر قەیرانی مرۆیی لە سوریا و دەڵێن قەیرانەکە مەترسی ئەوەی هەیە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت لە کاتێکدا کە توندوتیژییەکان زیاتر دەبن و ئابوورییە ڕووخاوەکەش هێشتا دانیشتوانەکەی لە هەژاری و نائومێدیدا هێشتووەتەوە دوای 13 ساڵ لە جەنگی ناوخۆی وڵاتەکە.

سەرۆکی کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پاولۆ پینهیرۆ بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت " لە کاتێکدا کە سەرنج و سەرچاوەکانی جیهان خراونەتە سەر قەیرانە مەترسیدارە ئابووریی و سیاسییەکانی دیکە، سوریا زیاتر ڕۆدەچێت بە ناو تاڵاوێکی نائومێدی و نەهامەتیدا."

لە ماوەی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتە نوێیەکەی کۆمسیۆنە سێ ئەندامییەکەدا، پینهیرۆ وێنەیەکی ڕەشی کۆمەڵگەیەکی کێشا کە کەوتوونەتە ناو کۆتاییەکی " چەندین شکست و دەرفەتی لەدەستچووەوە."

وتی " 13 ساڵە ململانێی چەکداریی لە ناوخۆدا دەبینین کە بەهۆی توندوتیژی و سەرکوتکارییەکەی دەوڵەتی سوریاوە دروستبوو لە وەڵامی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکاندا. ڕاپۆرتەکەمان باس لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ و بەردەوامیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملی و ئەشکەنجەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییانەدا دەکات."

ڕاپۆرتەکە دەڵێت شەڕەکە لە چەندین هێڵەوە چڕتر بووەتەوە، هێزە سەربازییەکانیش تۆپهاوێژ بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی دەسەڵاتییان بەسەر ناوچەکاندا و پەنا دەبەنەبەر توندوتیژییەکی زۆر دژی ڕکابەرە سیاسییەکانییان.

ڕاپۆرتەکە میلیشیاکان تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سوکایەتیکردن دژی دانیشتوانی مەدەنی، زیادکردنی مەترسییەکانی هەڵگیرسانی " جەنگێکی بەرفراوان."

ڕاپۆرتەکە بە نموونە باس لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا دەکات، شەڕی نێوان ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سوریا حەیات تەحریری شام و هەندێک لە فراکسیۆنەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا کە بەردەوام " خەڵکەکە بە زۆرەملێ دەستبەسەر دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن و بێسەروشوێنییان دەکەن."

ڕاپۆرتەکە باس لە چڕبوونەوەی شەڕەکەی هێزەکانی حکومەتی سوریا دەکات لە ناوچەی ئیدلبی باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە لەوێ هاووڵاتیانی مەدەنی کوژراون و بریندارکراون، ئەمانەش لە " هێرشی نایاساییدا " و لە ڕێی تەقەمەنی هێشووییەوە لە ناوەندە قەرەباڵغەکانی دانیشتواندا.

لەو ڕووداوانەدا کە کۆمسیۆنەکە لێکۆڵینەوەی کردووە لەسەرییان، ڕاپۆرتەکە دەڵێت زیاتر لە 150 هاووڵاتی سڤیل کە نیوەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کوژراون یاخود بریندار کراون. زۆربەی هێرشەکان لە نزیک گوند و شارۆچکەکانی هێڵەکانی پێشەوە بوون و " یاسای نێودەوڵەتییان پێشێل کردووە."

دەڵێت " ئەو جۆرە هێرشانە دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ. هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیای هاوپەیمانی سوریاش دووبارە بوونەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتیان."

نوسەرانی ڕاپۆرتەکە دەڵێن " هێزی ئاسمانی فیدراسیۆنی ڕووسیا ڕەنگە شکستی هێنابێت لە گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنەکاندا بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی، ئەوەش پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە."

پینهیرۆی سەرۆکی کۆمسیۆنەکە نیگەرانییەکی تایبەتیشی دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵاوە.

وتی " ئەمانە بوونەتە هۆی زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل، هەفتەی ڕابردوو لە هێرشێکدا بۆ سەر بەرپرسانی ئێران و میلیشیاکان لە سوریا زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی گەیشتووە. گروپەکانی سەر بە ئێران و ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشەکانییان بۆ سەر یەکتر زیاتر کردووە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەوە."

وتیشی " هاووڵاتیانی مەدەنی ڕۆژانە دەکوژرێن لەم جەنگە بێ مانایەدا کە بووەتە هۆی ڕووخانی وڵاتەکە لە ڕووی ئابووری و سیاسیشەوە."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە شەڕی ناوخۆی سوریادا زیاتر لە 306,000 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی 14 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون، 7.2 ملیۆن کەسییان لە ناو سوریادا ئاوارە بوون و 5.6 ملیۆن کەسی دیکەیان ئاوارەی وڵاتانی دراوسی و ئەوروپا بوون.

ئۆفیسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت 16.7 ملیۆن کەس لە سوریا یاخود سێ کەس لە کۆی هەر چوار کەسێک لە سوریا پێویستی بە یارمەتی مرۆییە. لەو ژمارەیەش 13 ملیۆن کەسییان ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە، زیاتر لە 650,000 منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵیش ڕووبەڕووی بەدخۆراکییەکی توند بوونەتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG