Accessibility links

ڕوانگەی سوریا: 15 چەکداری لایەنگری حکومەتی سوریا لە هێرشەکانی داعشدا کوژراون


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری ململانێکانی ناو سوریا دەکات دەڵێت چەکدارانی ڕێکخراوی داعش ڕۆژی هەینی لە هێرشێکییاندا بۆ سەر پێگە سەربازییەکان لە بیابانی سوریادا لانیکەم 15 چەکداریی لایەنگری حکومەتی سوریایان کوشتووە.

هێرشەکە نوێترین هێرشی ئەو چەکدارانەی داعش بوو کە هێشتا لە سوریا ماونەتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە وتی " لە حومسی ڕۆژهەڵات هێرشییان کردە سەر شوێنە سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانی ڕژێم و چەکدارەکانی لایەنگریی حکومەت، ئەوەش بووە هۆی شەڕ و پێکدادان و کوژرانی 15 چەکداریی لایەنگریی حکومەت."

لە ساڵی 2019 دا داعش ناوچەکانی لە سوریادا لە دەستدا، بەڵام ئەو چەکدارانەی کە هێشتا لەو وڵاتەدا ماونەتەوە هێرشی کوشندە ئەنجام دەدەن، بە تایبەتی دژی هێزەکانی لایەنگری حکومەتی سوریا و هێزە کوردییەکان.

ڕوانگەی سوری کە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەیە لە ناوخۆی سوریادا وتی مانگی ڕابردوو چەکدارانی داعش لە دوو هێرشدا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوریا 28 سەربازیی سوریایی و چەکدارانی سەر بە هێزەکانی حکومەتییان کوشتووە. زۆربەی چەکدارەکان سەر بە لیوای قودس بوون، لیواکە پێکهاتووە لە چەکدارانی فەلەستینی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لەلایەن مۆسکۆی هاوپەیمانی دیمەشقەوە پشتیوانییان لێکراوە.

ڕوانگە لەو کاتەدا وتی لە یەکێک لەو هێرشانەدا چەکدارانی داعش تەقەیان لە پاسێکی سەربازیی کردووە لە پارێزگای حومس.
وتیشی لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر بنکەیەک لە ڕۆژهەڵاتی سوریا شەش سەربازیی سوریایی کوژران.

ڕوانگە هەر لە مانگی سێدا وتی چەکدارانی داعش دوای بۆسەیەک هەشت سەربازیی سوریاییان کوشتووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG