لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ئامانجێکی سەربازیی ئێرانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، لانیکەم 5 فەرماندەی باڵای هێزەکانی قودسی ئێران کوژران.
بەهۆی هێرشەکەوە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی ڕووخاوە و قوربانییەکان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی سوریا بڵاویکردەوە تیمەکانی فریاکەوتن لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکەدا سەرقاڵی دەرهێنانی قوربانییەکانن.
ئیسڕائیل تا ئێستا بە فەڕمی هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە هێرشەکان نەداوە.
بەڕێوبەری ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدولڕەحمان، بە دەزگای عەرەبییەکانی ڕاگەیاند کە پێی وایە بەهۆی موشەکێکی ئیسڕائیلەوە باڵەخانەکە ڕووخاوە.
گوتیشی موشەکێکی ئیسڕائیلی لە باڵەخانەکەی کردووەتە ئامانج، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئوتومبێلێکی بۆمبڕێژکراو بووەتە هۆی تەقینەوەکە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو هێزانەی تێدا بووە کە سەر بە ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامی و گروپی چەکداری حزبوڵای لوبنانن.
شیکەرەوەی سیاسیی میهرداد خونساری لە لەندەن بە دەنگی ئەمەریکای وت هێرشەکان بۆ سەر ئامانجەکان لە سوریا لەم چەند مانگەی ڕابردوودا زیادییان کردووە، بە تایبەتی دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل، وتیشی زۆرێک لە فەرماندە ئێرانییەکان پلانی هێرش دادەنێن بۆ سەر ئامانجەکانی ناو ئیسڕائیل.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی وتییان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسڕائیلی ئوتومبێلێکی لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج کە دوو فەرماندەی حیزبوڵای تێدا بووە، ئوتومبێلەکە لە ناوچووە و قوربانییەکانیش دەوترێت گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە تاوەکو بناسرێنەوە.
جۆشوا لاندیس، کە بەڕێوبەرایەتی پڕۆگرامی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە زانکۆی ئۆکلاهۆما، بە دەنگی ئەمەریکای وت کە پێی وایە ئیسڕائیل و ئێرانیش هەوڵ دەدەن ئەمەریکا ڕابکێشنە ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەییەوە، ئەوەش لە ڕێی هەندێک لە کارەکانییانەوە.
وتی " پێشتر تەنها هەفتەیەک لەمەوبەر، ئیسڕائیل فەرماندەیەکی باڵای ئێرانی قودسی لە سوریا کوشت، لەگەڵ چەند هاوەڵێکیدا، ئەمەش فشارێکی زۆر گەورە دەخاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی وەڵام بداتەوە، ئێستاش کە کاتێکمان دەویست تاوەکو گفتوگۆ لەسەر ئەمە بکەین، کوشتنی فەرماندە ئێرانییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئێران و ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی ناچار دەکات تۆڵە بکەنەوە."
لاندیس وتی هەفتەی ڕابردوو ئێران بە ئاڕاستەکردنی موشەک بۆ سوریا وەڵامی دایەوە، جەختی لەوە کردەوە کە " هێرشەکانی ئیسڕائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ڕابەرە ئێرانییەکان، فشارێکی لەسەر ئێران دروست کردووە تاوەکو شتێک بکات."
وتی " ئەو وڵاتانەی کە خەڵکەکەیان دەکوژرێن زۆرجار زۆر ناژیرانە وەڵام دەدەنەوە. ئەمە لە ئێران دەبینین."
لاندیس جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریاش لەلایەن چەکدارانی لایەنگری ئێرانەوە لەم چەند ڕۆژ و هەفتەیەی ڕابردوودا هێرشییان کراوەتە سەر. وتی ئێران هەوڵیداوە ئەمەریکا ڕابکێشێتە نێو ململانێیەکی بەرفراوانتریی ناوچەییەوە، ئەوەش لە ڕێی بەکارهێنانی حوسییەکانەوە بۆ بە ئامانجکردنی کەشتییەکانی ئەمەریکا لە دەریای سووردا.
ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی چەندین جار داوای لە حوسییەکانی یەمەن کردووە، کە ئێران موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان دەداتێ، هێرشەکانییان دژی کەشتییەکانی ئەمەریکا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن زیاد بکەن. گوایە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانیش لە یەمەنن و ڕاوێژ دەدەن بە حوسییەکان.