Accessibility links

بەیاننامە: گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریایی ' ئەرکی سەرەکییە ' لە لوتکەی عەرەبدا


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە عەمانی پایتەختی ئوردن کۆبوونەوە و تاوتوێی ململانێکانی سوریایان کرد. بەپێی ڕاگەیاندنێکی هاوبەش، وەزیرەکان ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا " ئەرکی سەرەکی " دەبێت لە کۆبوونەوەکانیاندا.

گفتوگۆکان لە عەمانی پایتەختی ئوردن وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی سوریا و ئوردن و سعودیە و عێراق و میسڕی پێکەوە کۆکردەوە، ئەمەش لە نوێترین پەیوەندی وڵاتانی عەرەبیدا لەگەڵ حکومەتە پەراوێزخراوەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددا.

دوابەدوای کۆبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هاتووە دەڵێت " گەڕانەوەی پارێزراو و خۆبەخشانەی پەنابەران بۆ وڵاتی خۆیان ئەرکی سەرەکییە، دەبێت دەستبەجێ ڕێوشوێنە پێویستەکان بگیردرێنەبەر بۆ جێبەجێکردنی."

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 5.5 ملیۆن پەنابەری سوری کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا لە وڵاتەکە هەڵاتن، لە لوبنان و ئوردن و تورکیا و عێراق و میسڕ تۆمارکراون.

ڕاگەیاندنەکەی وەزیرەکان داوای زیادکردنی هاریکارییەکانی نێوان دیمەشق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانە دەکات کە پەنابەرانی سورییان وەرگرتووە، " لە چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراودا " ئەرکێکی گەڕانەوەی پەنابەرانی سوری بۆ وڵاتەکەیان ڕێکبخەن.

وەزیرەکان ڕێککەوتوون لەسەر " پشتیوانیکردنی سوریا لە هەر هەوڵێکی یاساییدا بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی بەسەر ناوچەکانی خۆیدا و سەپاندنی یاسا و کۆتایی هێنان بە بوونی گروپە چەکدار و تیرۆریستییەکان لە وڵاتەکەدا و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی سوریادا."

شەڕی 12 ساڵەی ناوخۆی سوریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، ئێستا نزیکەی نیوەی دانیشتوانەکەشی پەنابەرن یاخود لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە بوون.

لە ساڵی 2011 دا دوای سەرکوتکارییە دڕندانەکەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دژی خۆپیشاندەرانی دیموکراتخوازی وڵاتەکە، سوریا لە کۆمکاری عەرەبدا دەرکرا. لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەشدا لەلایەن ئێران و ڕووسیاوە پشتیوانی لێکرا.

لە کاتێکدا کە ئەسەد لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە پەراوێزخراوە، لەم هەفتانەی دواییدا چالاکییە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ سوریادا سەریانهەڵداوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سعودیە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی لەگەڵ ئێراندا دەستپێکردەوە، ئەوەش گۆڕانکارییەکی لە پەیوەندییەکانی ناوچەکەدا دروست کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی ئاماژەی بەوەدا گفتوگۆکان لە عەمان تەواوکەری ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە مانگی ڕابردوو لە سعودیە بەڕێوەچوو، ئەو کۆبوونەوەیەشی بە " بونیادنەر " ناوبرد.

وڵاتانی عەرەبی و کەنداویش بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی سعودیەدا کرد و تیایدا تاوتوێی کۆتایی هێنان کرا بە پەراوێزخستنی درێژخایەنی سوریا لە ڕووی دیبلۆماتییەوە و هەروەها ئەگەری گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەب کە لە 22 وڵاتی عەرەبی پێکهاتووە.

سەفەدی وتی کۆبوونەوەکەی عەمان " باش و ئەرێنی بووە و سەنگی خستۆتە سەر ڕووە مرۆییەکان و هەنگاوەکان بۆ لابردنی ئازار و ناڵەی گەلی سوریا."

وتی " سەنگمان خستە سەر پرسی پەنابەران و ڕێککەوتین لەسەر میکانیزمەکان بۆ دەستپێکردن بە گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەران بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا."

وتیشی " دۆخی ئێستای ناو سوریا ناکرێت بەردەوام بێت، هەوڵەکانی پێشووش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا هیچ بەرهەمێکییان نەبووە و تەنها کاولکاری زیاترییان بەرهەم هێناوە."

ڕاگەیاندنەکە داواشی لە سوریا کرد " خزمەتگوزارییە گشتییەکان " لەو ناوچانەدا باشتر بکات کە پەنابەران دەگەڕێنەوە بۆیان و ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزراوی پەنابەران، بۆ نموونە، لێخۆشبوون لێیان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG