Accessibility links

ئەنجومەنی لەشکری مەنبج مۆڵەتی 48 کاژمێر بە چەکدارانی داعش دەدات شاری مەنبج چۆڵ بکەن


ئەنجومەنی لەشکری مەنبج دەڵێت ماوەی 48 کاژمێر بە چەکدارانی داعشی ناو شاری مەنبج داوە بە خۆیان و چەکە سووکەکانیانەوە شاری مەنبج چۆڵ بکەن، ئەمەش لەسەر داوای چەند ڕیش‌سپـیـیەکی شارەکە.

ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی لە پـێناو پاراستنی خەڵکی سیڤیل، ئەوانەی لە شارەکە ماوەنەتەوە و هەروەها بۆ ئەوەی چیتر زیانی زیاتر بە شارەکە نەگات، قایل بوون بەو دەسـتپـێشخەریـیەی کراوە بۆ دەرچوونی ئەندامە گەمارۆدراوەکانی داعش لە شارەکە بە چەکە تاکە کەسیەکانیانەوە بۆ ئەو ئاڕاستەیەی بۆیان دیاری دەکرێت. دەشڵێت ئەمە دوایـین هەلە بۆیان تاوەکو لە شارەکە بچنە دەرێ.

هەروەها ئەنجومەنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە ناوچەی گرنگیان لە شارەکە کۆنترۆڵکردووە، بۆیە چیتر بوار بۆ چەکدارەکانی داعش لە ناو شاری مەنبج نەماوەتەوە گەمارۆی سەرخۆیان پشـکێنن و ڕزگاریان بێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد داعش خەڵکی سیڤیل لە شارەکە وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت و بووەتە مایەی کارەسات.

هاوکات داوای لە خەڵکی سیڤیل کرد هەوڵ بدەن شارەکە چۆڵ بکەن یان لە شوێنەکانی پـێـکدادان دوربکەونەوە.

مەحمود بالی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەڵێت دەنگۆی ئەوە هەیە ئەمشەو داعش هەبن شارەکە چۆڵ بکەن.

جێی ئاماژەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕاپـۆرت هەبوون باسیان لە کوژرانی خەڵکی سیڤیل لە شاری مەنبج دەکرد بەهۆی هێرشی ئاسمانی فڕۆکەی هاوپەیمانانەوە بۆ سەر شوێنەکانی داعش.

XS
SM
MD
LG