Accessibility links

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سوریا


سوریاییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت ڕۆژی دووشەممە بەرەو سندووقەکانی دەنگدان ڕۆیشتن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ، پێشبینی دەکرێت دەنگدانەکە سوپڕایزی کەم تێدا بێت و لەلایەن گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بە شانۆگەرییەکی کۆمیدی ناودەبرێت.

دەنگدەران 250 پەرلەمانتار هەڵدەبژێرن بۆ پەرلەمان، پەرلەمانی سوریا دەسەڵاتێکی کەمی ڕاستەقینەی هەیە لە سیستمە سەرۆکایەتییەکەی بەشار ئەسەددا، دوو لەسەر سێی کورسییەکان داندراون بۆ ئەندامانی پارتی بەعسی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد.

دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سوریا، حکومەتەکەی سوریا کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی سوریای کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران و ڕووسیا یارمەتییاندا لە شکستهێنان بە گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکاندا. باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە کە کوردەکان سەرکردایەتی دەکەن، چەند بەشێکی باکووری ڕۆژئاوای سوریاش لە ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپە چەکداریی و ئیسلامییانەدایە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات، هاوکات زیاتر لە 5 ملیۆن سوریاییش پەنابەرن و لە دەرەوەی سوریان و ناتوانن دەنگ بدەن.

ئابووری وڵاتەکەش لە قەیرانێکی گەورەدایە کە بەهۆی هەڵاوسانی ئابووری و کەمیی وەبەرهێنانی دەرەکییەوە دروست بووە، ئەمەش لە نێوەندی سزاکانی ڕۆژئاوا و پڕۆسە چەقبەستووەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە ئامانج لێی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیییە بۆ ململانێکە.

لە ناوەندێکی دەنگدان لە دیمەشق، کارمەندێکی حکومی باسم بەدران وتی هیوادارە پەرلەمانی نوێ یارمەتیدەر بێت لە باشکردنی دۆخە ئابوورییەکەدا.

وتی " هەمیشە هیوامان بەوەیە کە لە هەر قۆناغێکدا بێت شتێکی باش دێت بۆ وڵاتەکەمان، هیوامان بەوەیە کە هەنگاوی بەرجەستە دەبێت بۆ باشکردنی ئابووری و گوزەرانی هاووڵاتییانی سوریایی."

کۆمسیۆنی گفتوگۆکانی سوریا کە بنکەکەی لە ئیستەنبوڵە و نوێنەرایەتی گروپە بەرفراوانەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات، هاوشێوەی ڕکابەرەکانی ئەسەد وتی هەڵبژاردنەکان ساختەن.

ئەندامێکی کۆمسیۆنەکە محەمەد موسهەر شۆرباجی وتی " هەموو شتێک کە ئەو ڕژێمە دەیکات لەم شانۆگەری هەڵبژاردنی پەرلەمانەدا ساختەیە و مەبەست لێی بەرهەمهێنانەوەی خۆیەتی وەکو سیستمێکی چەوسێنەر و تاکڕەو."

وتی " سوریا نابێتە وڵاتێکی ڕاستەقینە هەتاوەکو ئەو کاتەی هەڵبژاردنێکی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تێدا بەڕێوە دەچێت کە لە چوارچێوەی بڕیارێکی سیاسییدا بێت بەپێی بڕیاری 2254 ی نەتەوە یەکگرتووەکان." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو بڕیارەی کە لە ساڵی 2015 دا بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا پەسەند کرا و داوای ئاگربەستی دەکرد لە سوریادا.

لە هەرێمی سوەیدا، کە شوێنی کۆمەڵگە دروزە کەمینەکەی سوریایە و خۆپیشاندانەکانی دژ بە ئەسەد تێیدا لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامن، دەیان خۆپیشاندەر خۆپیشاندانییان کرد و داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانییان کرد.

چالاکەوانێکی ژن پۆستەرێکی بە دەستەوە بوو لەسەری نوسرابوو " نەخێر بۆ ئەنجومەنی بووکەڵە."

خۆپیشاندەران لەوێ ڕژانە سەر چەندین شەقامی سەرەکی بەمەبەستی ڕێگریکردن لە گەیشتنی سندووقەکانی دەنگدان، چالاکەوانان ناوەندێکی دەنگدانییان لە شارۆچکەیەک داخست و دانیشتوانیش وتییان زۆربەی دەنگدەرانی شایستە گوێڕایەڵی بانگەوازێکی بەساڵاچووانی ناوچەکە بوون بۆ بایکۆتکردنی دەنگدانەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG