ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع داوای یەکگرتوویی نیشتیمانی و ئاشتی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە 1000 کەس لە ناوچەکانی کەناری سوریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە کوژراون.
شەڕەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە نێوان هێزەکانی ئاسایش و لایەنگرانی حکومەتەکەی پێشوودا ڕوویدا بە درێژایی کەناری دەریای ناوەند لە ناوجەرگەی خاکی کەمینە عەلەوییەکاندا.
لەو کاتەوە شەڕەکە بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم هێزەکانی حکومەتی نوێی سوریادا.
شەرع لە مزگەوتێکەوە لە دیمەشق وتی " دەبێت تاوەکو دەتوانین یەکگرتوویی نیشتیمانی و ئاشتی بپارێزین، بە ویستی خودا، دەتوانین پێکەوە لەم وڵاتەدا بژین."
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس 745 هاووڵاتی سڤیلی عەلەوی کوژراون.
ڕوانگە کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و چاودێری ململانێکانی ناو سوریای کردووە، وتی ئەو هاووڵاتییانە لەلایەن هێزەکانی ئاسایش یاخود چەکدارانی لایەنگری حکومەتەوە کوژراون، دواتریش " ماڵ و موڵکەکان تاڵانکراون."
وتیشی شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی 125 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و 148 چەکداری لایەنگری ئەسەد، بەمەش کۆی گشتی کوژراوەکان گەیشتووەتە 1,018 کەس.
دەزگای هەواڵی سانای سوریا ڕۆژی شەممە وتی هێزەکانی ئاسایش ڕەوانەی لازقییە و جەبلە و بانیاسی باشوور کراون.
دانیشتوویەکی بانیاس، سەمیر حەیدەری تەمەن 67 ساڵ، بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت دووان لە براکانی و خوشکەزاکەی لەلایەن " گروپە چەکدارییەکانەوە " کوژراون کە هاتوونەتە ناو ماڵەکانی خەڵکەکەوە، وتیشی " بیانیش لە نێویاندا هەبووە."
سەرەڕای ئەوەی کە خۆی عەلەوییە، حەیدەر بەشێک بووە لە ئۆپۆزسیۆنی چەپی دژ بە ئەسەد و لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ئەسەددا بۆ زیاتر لە دەیەیەک لە زینداندا بووە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا حەسەن عەبدول غەنی وتی هێزەکانی ئاسایشی " کۆنتڕۆڵی " ئەو ناوچانەیان کردووەتەوە کە لەلایەن لایەنگرانی ئەسەدەوە هێرشییان کراوەتەسەر.
وتی " بە تەواوەتی قەدەغەیە نزیک ببیتەوە لە هەر ماڵێک یاخود هێرش بکەیتە سەر هەر کەسێک لە ماڵەکەی خۆیدا."
وەزیری خوێندنی سوریا نازیر ئەلقادری وتی قوتابخانەکان ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە لە لازقییە و تەرتوس بە داخراویی دەمێننەوە، ئەوەش بەهۆی " ناجێگیری دۆخی ئاسایشەوە."
دەزگای هەواڵی سانا باسی لەوە کرد کە کارەبای سەرانسەری پارێزگای لازقییە بڕاوە بەهۆی هێرشەکانی لایەنگرانی ئەسەدەوە بۆ سەر هێڵەکانی کارەبا.
ڕوانگە وتی کوشتنەکان دوابەدوای دەستگیرکردنی گومانلێکراوێکی داواکراو لە گوندێکی عەلەوییەکان دەستی پێکردووە.
وتیشی ڕۆژی شەممە " ئارامییەک گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە " دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایش هێزی پشتیوانییان ڕەوانە کردووە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس