Accessibility links

وەزارەتی بەرگری سوریا: لە هێرشێکدا لە ڕەققەی سوریا 13 کەس کوژران


وەزارەتی بەرگری سوریا دەڵێت لە هێرشێکدا بۆ سەر پاسێک لە باکووری سوریا 13 کەس کوژران، زۆربەیان سەربازانی هێزەکانی حکومەت بوون.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی بەهۆی هێرشەکەوە 11 سەربازی حکومەت و دوو هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، هێرشەکەشی بە هێرشێکی تیرۆریستی ناوبرد کە کراوەتە سەر پاسێکی گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی. وتیشی سێ سەربازی دیکە برینداربوون.

دەزگای هەواڵی سوریا سانا وتی هێرشەکە لە ناوچەی جەبەل ئەل بیشری پارێزگای ڕەققە ڕوویداوە.

هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.

شەڕی ناوخۆی یانزە ساڵەی سوریا بووەتە هۆی دابەشبوونی وڵاتەکە بەسەر کۆمەڵێک ناوچەدا کە هەریەکەیان لەژێر کۆنتڕۆڵی لایەنێکدایە، بەڵام زۆربەی ناوچەکان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادان.

بەشێکی باکووری ڕۆژئاوای سوریا لەژێر دەسەڵاتی هێزە یاخیبووەکانی سوریادایە کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، هێزە کوردییەکانیش کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات کۆنتڕۆڵی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان کردووە.

یەکێک لە کوشندەترین هێرشەکان بۆ سەر پاسەکان لە سوریا لە مانگی دوانزەی ساڵی 2020 دا بوو کاتێک لە هێرشێکدا لەسەر شەقامی سەرەکی دەیر ئەلزوری ڕۆژهەڵاتی سوریا 28 کەس کوژران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG