Accessibility links

فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا و ڕووسیا بە چڕی بۆردومانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەکەن


سەرچاوەکانی سوپای سوریا دەڵێن فڕۆکە جەنگییەکانی سوریا و ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە بۆردومانی شاری ئیدلیبییان کردووە لە دووەمین ڕۆژی هێرشە ئاسمانییەکانیاندا بۆ سەر باکووری سوریا، ئامانج لەم هێرشانە دوورخستنەوەی ئەو گروپە چەکدارییانەیە کە دژی حکومەتی سوریا دەجەنگن و هێرشییان کردووەتە سەر شاری حەلەبیش.

دانیشتوان دەڵێن لە هێرشێکی ئاسمانیدا ناوچەیەکی قەرەباڵغی دانیشتوان کراوەتە ئامانج لە ناوەڕاستی ئیدلیبدا، کە گەورەترین شاری ژێر کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارییەکانە و دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا و نزیکەی 4 ملیۆن کەس تێیدا لە ژێر خێمەدا دەژین.

تیمەکانی فریاگوزاری لە شوێنی ئەو هێرشەدا وتییان لانیکەم چوار کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون.

سوپای سوریا و ڕووسیای هاوپەیمانی دەڵێن حەشارگەکانی گروپە چەکدارییەکانییان کردووەتە ئامانج و ڕەتی دەکەنەوە هێرشییان کردبێتە سەر هاووڵاتییانی سڤیل.

ڕۆژی شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا و سوریا بۆردومانی شارۆچکەکانی دیکەی پارێزگای ئیدلبییان کرد، پارێزگاکە لە ماوەی چەندین ساڵدا شەڕێکی خوێناویی تێدا کراوە و بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی گروپە چەکدارییەکاندایە.

شەوی هەینی چەکدارەکان چوونە ناو حەلەبەوە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلیبەوە، سوپایان ناچار کرد جارێکی دیکە هێز بنێرێتەوە.

سوپای سوریا وتی دەیان سەربازیی لەو هێرشەدا کوژراون.

ڕۆژی یەکشەممە سوپا وتی چەندین شارۆچکەی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن چەکدارەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوونەوە. لەو ناوچەیەدا گروپە چەکدارییەکان هاوپەیمانییەکییان هەیە و لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، هەروەها گروپی چەکداریی تەحریر ئەلشامیشی لێیە کە گروپێکی ئیسلامییە و بەهێزترین هێزی چەکداریی هەیە لە نێو گروپە چەکدارییەکاندا.

گروپەکە لەلایەن ئەمەریکا و ڕووسیا و تورکیا و وڵاتانی دیکەوە بە گروپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.

جەنگەکەی ناو سوریا کە بووەتە هۆی کوژراونی سەدان هەزاران کەس، لە ساڵی 2011 ەوە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا کۆتاییەکی فەڕمی نیە. بەڵام شەڕە گەورەکان لە وڵاتەکەدا چەندین ساڵ لەمەوبەر ڕاگیران، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا و ئێران یارمەتی حکومەتەکەی ئەسەدییاندا لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی زۆربەی خاک و شارە گەورەکاندا.

سەرچاوەکانی سوپا وتییان هێزەکانی سوریا کە لە حەلەب کشاونەتەوە، لە ئێستادا خۆیان ڕێکدەخەنەوە و هێزی پشتیوانیش ڕەوانە کراوە بۆ یارمەتیدان لە هێرشە پێچەوانەکەدا.

لە ساڵی 2016 ەوە حەلەب کەوتووەتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەکەی ئەسەد، ئەوەش دوای ئەوەی کە هێزەکانی سوریا بە پشتیوانی ڕووسیا دەستیان کرد بە پاککردنەوەی شارەکە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان گەورەترین شاری وڵاتەکە بووە.

گروپە چەکدارییەکان ڕۆژی یەکشەممە وتییان بەرەو باشووری حەلەبیش پێشڕەوییان کردووە و شارۆچکەی خانسیرییان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ بڕینی ڕێگای سەرەکی دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ سوپای سوریا لە شاری حەلەب.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG