Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرکەوتن بەسەر داعش ڕادەگەیەنن


هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرکەوتنیان بەسەر داعش ڕاگەیاند و دەڵێن لە تەواوی خاکەکەی، ئەوەی ناوی لێ نابوو خەلافەت لەناوبراوە.

لە پاش نزیکەی 5 ساڵ لە ڕاگەیاندنی داعش وەک خەلافەتێک لەسەر بەشێکی گەورەی خاکی عێراق و سوریا، ئەمڕۆ شەممە سەرکەوتنەکە ڕاگەیەندرا لە لایەن مستەفا بالی بەرپـرسی ڕاگەیاندنی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە.

مستەفا بالی لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە سەرکەوتنەکەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی " باغۆز ڕزگارکرا و سەرکەوتن بەسەر داعش هاتە دی. ئەم سەرکەوتنە پـێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان و بریندارەکانمان دەکەین، ئەو قارەمانانەی ئەگەر ئەو قوربانیانەیان نەدایە ئەم سەرکەوتنە نەدەهاتە دی. لە پاش ساڵانێک لە قوربانی گەورە مژدەی نەمانی خەلافەتەکەی داعش بە جیهان دەدەین، بەڵێن دەدەینەوە بەردەوام دەبین لە شەڕ و ڕاوەدوونانی پاشماوەکانیان هەتا بە تەواوی لەناویان‌دەبەین."

داعش پاش ئەوەی خاکێکی گەورەی لە عێراق سوریا داگیرکرد، لەوانە پارێزگای موسڵی عێراق و پارێزگای ڕەققەی سوریا، لە 29 مانگی شەشی ساڵی 2014 دەوڵەتی خەلافەتی خۆی ڕاگەیاند بە ڕێبەرایەتی ئەبو بەکر ئەلبەغدادی. لە ماوەی حوکمڕانیـیەکەیاندا بێ شومار مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکرد و بە هەزاران کەسیان کوشت بە شێوازی دڕندانە، لەوانە سووتاندن و سەڕبڕین و خنکاندن لە ناو ئاو. هێزە کوردیـیەکان چ لە عێراق و چ لە سوریا ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە کۆتایی‌هێنان بەم حوکمڕانیـیە، ئەمەش پاش قوربانیـیەکی زۆر لە پـێشمەرگە و شەڕڤان.

جێی ئاماژەیە چ لە عێراق یان لە سوریا داعش دەستپـێشخەر بوو لە پەلاماردانی ناوچە کوردیـیەکان، بەڵام سەرئەنجام خراپ بەسەریدا شکایەوە.

XS
SM
MD
LG