سەرۆکی دەزگای کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند دەبێت سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر سوریا دووبارە هەڵسەنگاندنییان بۆ بکرێت بۆ یارمەتیدانی وڵاتەکە بۆ بونیادنانەوەی وڵاتەکە دوای لابردنی بەشار ئەسەد.
ئەیمی پۆپ وتیشی دەبێت ژنانی سوریا بەهێز بکرێن بۆ ئەوەی ڕۆڵی تەواو بگێڕن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ و هێنانەدی سەقامگیری بۆ وڵاتە وێرانەکە.
گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام کە پێشتر سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەل قاعیدە بووە و لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرێت، لە هێرشێکی کتوپڕدا دیمەشقی پایتەختی سوریای کۆنتڕۆڵ کردەوە و ئەسەدی دوورخستەوە، هەروەها بەڵێنیداوە کەمینەکانی ناو سوریا بپارێزێت.
بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەلەیان نیە بۆ لابردنی سزاکانی سەر سوریا و ئەندامانی تەحریر ئەلشامیش، چاوەڕێ دەکەن بزانن بەرپرسانی نوێی سوریا چۆن دەسەڵاتەکانییان بەکاردەهێنن.
پۆپ وتی " سەبارەت بە سزاکان، ئێمە بە ڕاستی باس لە هەموو سزاکان دەکەین: سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سزاکانی ئەمەریکا و سزاکانی دیکەش."
وتی " دەبینیت کە سزاکان کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە، بە تایبەتی لەسەر دانیشتوانە لاوازەکە. لەبەرئەوە بۆ بونیادنانەوەی دۆخەکە، پێویستییەک دەبێت بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی ئەو سزایانە."
وتی " ئەو موچەیەی کە خەڵکەکە وەریدەگرن زۆر کەمە."
ڕۆژی پێنجشەممە سەدان خۆپیشاندەر لە دیمەشق داوای دیموکراسی و مافی ژنانییان کرد، ئەوەش لە یەکەمین خۆپیشاندانی لەو جۆرەدا لە دوای دوورکەوتنەوەی ئەسەدەوە.
پۆپ وتی " ئێمە داوا لە حکومەتە کاربەڕێکەرەکە دەکەین بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی ژنان و پێدانی توانا بە ژنان، چونکە ئەوان زۆر گرنگ دەبن لە دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکەدا."
سەرچاوە/ فرانس پرێس