جەنگەکەی ناو سوریا دەچێتە چواردەهەمین ساڵییەوە، شیکەرەوان دەڵێن چارەسەرێکی سیاسیی هەمیشەیی بۆئەو وڵاتەی کە بە دەست جەنگەوە دەناڵێنێت هێشتا دیار نییە.
سەرەڕای ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ زۆربەی ئەو ناوچانەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵ کرابوون، هێزەکانی حکومەتی سوریا و هاوپەیمانە ڕووسیایی و ئێرانییەکانی هێشتا لە چەندین شەڕدان، بە تایبەتی لە بەشی باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە لەوێ گروپە چەکدارییەکان بە پشتیوانی تورکیا چەندین ناوچەیان لە ژێر دەستدایە.
لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هێزە کوردییەکان بە پشتیوانی ئەمەریکا خاکێکی بەرفراوانییان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، هەندێکییان لە ژێر دەستی ڕێکخراوی داعشدا ئازاد کراون.
توێژەرەوەیەکی سوریا لە واشنتن، جۆن ساڵح، دەڵێت " قورسە چارەسەرێکی سیاسیی بەردەوام لە سوریا بهێنیتە پێش چاوت لە کاتێکدا کە هێشتا شەڕەکە بەردەوامە."
ساڵح بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئاڵۆزیی سروشتی ململانێکەی ناو سوریا زۆر قورسی دەکات چارەسەر بدۆزیتەوە. ئەمە جەنگێکی فرەلایەنەیە، کۆتایی هێنان بە جەنگەکە پێویستی بە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە، ئەوەش دیارە کە قورسە بە دەستی بهێنیت."
خۆپیشاندانێک لە ساڵی 2011 دا دژی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بە خێرایی گۆڕا بۆ شەڕی ناوخۆ، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگەکەی ناو سوریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300,000 کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەشدا. گروپەکانی دیکەی چاودێری جەنگ، بە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیشەوە کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە، دەڵێن 500,000 کەس کوژراون.
لەم هەفتەیەدا نەتەوە یەکگرتووەکان وتی 16.7 ملیۆن کەس لە ناو سوریادا پێویستییان بە یارمەتی مرۆییە.
بەڕێوبەری کۆمسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا پاولۆ پینهیێرۆ وتی " زیاتر لە سەدا 90 ی خەڵکەکە ئێستا لە هەژاریدا دەژین. ئابوورییەکە لە ڕووخاندایە لە نێوەندی سزا توندەکاندا، هەروەها زیادبوونی بێ یاسایی وایکردووە تاوانکاری زیاتر ببێت و قۆرخکاریی هێزە چەکدارەکان و میلیشیاکان زیاتر ببن."
کۆمسیۆنەکە لە ڕاپۆرتێکدا کە لەم هەفتەیەدا بڵاوکرایەوە دەڵێت لەم چەند مانگەی ڕابردوودا سوریا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندوتیژی بووەتەوە کە لە ساڵی 2020 ەوە نەبیندراوە، هۆشداریدا و وتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ململانێکە هێرشییان کردووەتە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانەکان کە دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ.
هەفتەی ڕابردوو سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش داوای کۆتایی هێنانی کرد بە جەنگەکە، ئەوەش لە ڕێی جێبەجێکردنی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. بڕیارەکە لە ساڵی 2015 دا پەسەند کراوە و ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە جەنگەکەی سوریا لە ڕێی گۆڕانکارییەکی سیاسییەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی چەندین خولی گفتوگۆکانی کردووە لە نێوان نوێنەرانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا، بە ئامانجی داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە.
بەڵام بەڕێوبەری توێژینەوەکان لە دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەکان، دەیڤد ئادیسنیک، دەڵێت گفتوگۆکانی ئاشتی بە ڕابەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ئاماژەیەکی توانستییان پیشان نەداوە.
دەیڤد ئادیسنیک بە دەنگی ئەمەریکای وت " ڕژێمەکە سوورە لەسەر دروستکردنی خەیاڵی هاریکارییکردن لە ڕێی ئەوەوە کە گفتوگۆکان بۆ نا کۆتا درێژ دەکاتەوە. ئەسەد هەست بە هیچ فشارێکی ڕاستەقینە ناکات تاوەکو بچەمێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمکاری عەرەبیی پێشوازییان لێکرد بۆ دووبارە گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکارەکە، سەرەڕای بەردەوامیدانی بە کارە دڕندانەکان و دەرنەخستنی هیچ پەشیمانییەک."
ساڵی ڕابردوو کۆمکاری عەرەب جارێکی دیکە سوریای گەڕاندەوە. سوریا بەهۆی سەرکوتکارییە دڕندانەکانییەوە دژی خۆپیشاندەرانی دژی حکومەت لە ساڵی 2011 ەوە لە کۆمکاری عەرەب دەرکرابوو. چەندین وڵاتی عەرەبی لە ناوچەکەدا لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئەسەددا ئاسایی کردەوە، بە ئوردن و ئیماڕات و بەحرەین و ئەوانی دیکەشەوە.
جۆشوا لاندیسی بەڕێوبەری توێژینەوەکانی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئۆکلاهۆما وتی " نزیکەی سەرجەم وڵاتانی عەرەبی دەستبەرداری هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕۆژئاوا بوون بۆ بەرەوپێشەوە بردنی گۆڕانکارییەک لە دیمەشقدا، لە ڕێی چاکسازیی لە دەستووردا یاخود لە ڕێی پەراوێزخستنەوە."
زیاتر لە 10 ساڵ لە جەنگ ئابووری سوریای لە ناوبردووە، ئەوەش بووەتە هۆی گەشەسەندنی ئەو کارانەی کە پشتیان بەستووە بە قاچاخچێتیکردن بە دەرمان و چالاکییە نایاساییەکانی دیکەوە.
شارەزایان دەڵێن لە ئەنجامی ئەوەدا وڵاتەکە، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدان، بوونەتە ناوەندی بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کاپتاگۆنەوە، کە دەرمانێکی هۆشبەرە و دروستکردنی هەرزانە و هاوشێوەی ئەمفیتامینە.
کارۆلین ڕۆزی شیکەرەوەی باڵا لە ناوەندی نیو لاینز بە دەنگی ئەمەریکای وت " کاتێک باس لە چارەسەرێکی سیاسیی دەکەین، بە دیاریکراوی بە گوێرەی بڕیاری 2254 ی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تۆڕە نایاساییانەی کە سەر بە حکومەتن بەشێک بێت لە گفتوگۆکە."
ئادیسنیک دەڵێت " ئوردنییەکان ئەو وانە ناخۆشە فێربوون سەبارەت بە هەوڵەکانی عەرەب بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ دیمەشقدا، ئەوەی عەمان دەیویست کۆتایی هێنان بوو بە بازرگانیکردن بە کاپتاگۆنەوە، ئەو بازرگانییە ئێستا لەسەر سنووری نێوان سوریا و ئوردن خراپتر و توندوتیژتر بووە."
ڕووسیای ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگری لە بڕیارەکە دەکات کە ڕژێمەکەی سوریا دەکاتە ئامانج، ئادیسنیک وتی " بە لەبەرچاوگرتنی شکستی هێزەکانی دژ بە حکومەتی سوریا، ئەگەرێکی کەم هەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوریا ئەگەر بەپێی مەرجەکانی ئەسەد نەبێت."
وتی " بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کۆڵ بدەیت، ئەمەریکا و ئەوروپا دەبێت سزاکان توندتر بکەنەوە و هەرچی دەتوانن بیکەن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن ئەسەد داهاتی دەستبکەوێت و ئەوەش زیانی زیاتر دەگەیەنێت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا