Accessibility links

پەرەسەندنی هەست و هەڵوێستەکان لە دژی کۆچبەران لە تورکیا


ئادەم - چالاکوانێکی سووری کۆچبەر لە ئیستەنبوڵ
ئادەم - چالاکوانێکی سووری کۆچبەر لە ئیستەنبوڵ

بەپێی قسەی ئەو کۆچبەرانەی کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزەوە چاوپێککەوتنیان لەگەڵدا کراوە، هەستی دژ بە کۆچبەران و خراپی باری ئابووری و فشارە سیاسییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی نزیکەی 3.3 ملیۆن هاووڵاتی سوریایی کە لە تورکیا دەژین پلانی گەڕانەوە بۆ سوریا دابنێن یاخود هەوڵی دۆزینەوەی پەناگەیەک بدەن لە ئەوروپا.

کۆچبەرانی سوریایی نیگەرانن لەسەر ئەوەی کە لێدوانەکان دژی کۆچبەران لەوانەیە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی تورکیادا لە مانگی سێ زیاتر ببن.

زۆربەی ئەوانەی کە ئێستا لە ئیستەنبوڵ دەژین ڕووبەڕووی نیگەرانییەکی دەستبەجێ بوونەتەوە، بەرپرسانی شارەکە تاوەکو 24 ی مانگی نۆیان داوە بەو کۆچبەرە سوریاییانەی کە لە ئیستەنبوڵ دەژین بەڵام لەوێ ناوییان تۆمار نەکراوە، واتە لە شارێکی دیکەی تورکیا ناوییان وەک کۆچبەر تۆمار کراوە.

کۆچبەرێکی سوریایی تەمەن 32 ساڵ دەڵێت پارە کۆدەکاتەوە تاوەکو پارەی قاچاخچییەکان بدات و پلانی هەیە بچێت بۆ بەلجیکا. خراپی گوزەرانی لە تورکیا بەهۆی هەڵاوسانی ئابووری و لێدوانەکانی دژ بە کۆچبەرانەوە ناچاری کردووە ئەو بڕیارە بدات.

کۆچبەرەکە بە ڕۆیتەرزی وت " بووینەتە قوربانی و لۆمەی ئێمە دەکرێت لەسەر خراپبوونی باری ئابووری. جیاکاریی زیاتر بووە. ژیان کردنمان لێرە بووەتە شتێکی مەحاڵ."

بڕیارەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ئیستەنبوڵیش ئەو کۆچبەرە دەگرێتەوە، کە پێشتر لە شاری سەنلیورفا ناوی تۆمار کردووە.

بەپێی گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ، توندتیژییە ڕەگەزپەرستییەکان دژی سوریاییەکان لە زیادبووندان و بەرپرسانیش سیاسەتێکی توندتر دژی ئەو کۆچبەرانە پەیڕەو دەکەن کە لە ئیستەنبوڵ ناویان تۆمار نەکراوە.

هاووڵاتییەکی دیکەی سوریایی تەمەن 33 ساڵ کە مامۆستاشە، وتی چیتر ناتوانێت لە تورکیا بژی، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ لە ئیستەنبوڵ ژیاوە و دوو منداڵی هەیە، دەڵێت خەرجییەکانی لە داهاتەکەی زیاترە.

وتی " بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ سوریا، بەهۆی خراپی دۆخی دارایی تورکیاوە. دەزانم دۆخەکە خراپە لە سوریاش، بەڵام ئێرە بۆ من خراپترە."

بەرپرسانی تورکیا دەڵێن تورکیا میوانداری 3.3 ملیۆن هاووڵاتی سوریایی کردووە کە مۆڵەتی پاراستنی کاتییان پێدراوە. زۆربەی کۆچبەرە سوریاییەکان لە ئیستەنبوڵ دەژین، بە جۆرێک 532,000 کەسییان لەو شارەدا دەژین.

لە کاتێکدا کە سوریاییەکان بە سەرانسەری شارەکانی تورکیادا بڵاوبوونەتەوە، زۆرێکییان بەهۆی هەبوونی هەلی کاری زیاترەوە چوونەتە ئیستەنبوڵ. بەرپرسانی تورکیا دەڵێن ڕوون نیە چەندێک لەو کەسانە لە شارەکەدان.

ئادەم مەعراستاوی، کە چالاکەوانێکی سوریاییە و لە ئیستەنبوڵ کار دەکات، لە شاری قەرشەهیر تورکیا ناوی تۆمار کراوە، لە کاتێکدا کە لە 24 ی مانگی نۆ نزیک دەبێتەوە، دەترسێت ڕەوانەی ئەو شارە بکرێتەوە.

وتی " هەوڵی زۆرم داوە تاوەکو ژیانێکم لێرە دروست کرد. چۆن دەتوانم لە سفرەوە لە شارێکی دیکە دووبارە ژیانم دروست بکەمەوە؟" وتیشی پێش ئەوەی بێتە ئیستەنبوڵ لە زیاتر لە 30 شاردا گەڕاوە بۆ کار.

شارەزایان پێیان وایە لە دەنگدانەکانی مانگی سێدا هەستی دژ بە کۆچبەران بەسەر بانگەشەکانی ئۆپۆزسیۆندا باڵ دەکێشن، هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی مانگی پێنج، لەوە دەترسن ئەمە ببێتە هۆی کەوتنەوەی توندوتیژی زیاتری جەستەیی و زارەکی دژی کۆچبەران.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی ئۆزیگین، دێنیز سەرت، وتی " لێدوانی دژ بە کۆچبەران پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی سێ لە زیادبووندان."

بەڵام پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی پێنج، ئەردۆغان پلانەکانی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی ملیۆنێک پەنابەری سوریا ڕاگەیاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG