له‌م وتووێژه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئالان حه‌مه سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باس له‌دۆخی خوێندنی منداڵانی په‌نابه‌ری سوریا له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كات.
له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌دۆخی په‌روه‌رده‌ی منداڵانی ئاواره و په‌نابه‌ركرد له‌هه‌رێمی كوردستان و وتی" سه‌ره‌ڕای شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتبێت بۆ پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ی منداڵانی ئاواره و په‌نابه‌ر كردویه‌تی، به‌ڵام هه‌رخۆی دۆخی ژیانی په‌نابه‌ران ژیانێكی سه‌خته به‌گشتی بۆیه سه‌باره‌ت به‌پڕۆسه‌ی خوێندنیش پێداویستی خوێندنیان وه‌ك ئه‌وه نیه كه له وڵاته‌كه‌ی خۆیان بخوێنن به‌ڵام به‌شی ئه‌وه‌نده دابین كراوه كه پڕۆسه‌ی خوێندنیان دوانه‌كه‌وێت و به‌رده‌وام بێت."
ئالان حه‌مه سه‌عید ئه‌وه‌شی وت" ئێستاش به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر "ڕۆژئاوا"دا هاتووه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ژماره‌یه‌كی زۆرتر له په‌نابه‌ران ڕووبكه‌نه هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌مان ده‌ربڕیووه كه پڕۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بێت به‌ڵام ئه‌وه پێویستی به‌هاوكاری هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، هه‌رچه‌نده بۆ ئه‌مساڵی خوێندن ڕێكخراوی یونسێف نه‌یتوانی له‌هاوكاری پڕۆسه‌ی خوێندنیان به‌رده‌وام بێت."
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ژماره‌ی قوتابیانی ئاواره و په‌نابه‌رانی سوریا كرد له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌و ڕوه‌وه وتی" پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی توركیا له "ڕۆژئاوا" ئه‌وانه كه كوردن وڵاتی خۆیانه به‌ڵام له‌ڕووی یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه پێیان ده‌وترێت په‌نابه‌ر جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه ئه‌وانه هاوزمان و هاونیشتمانی ئێمه‌ن به‌ڵام له‌ڕووی یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه پێیان ده‌وترێت قوتابی په‌نابه‌ری سوری، ئه‌م قوتابیانه ژماره‌یان زیاتره له سی هه‌زار، ئێمه توانیومانه بۆ ئه‌مساڵیش پڕۆسه‌ی خوێندنیان بۆ به‌رده‌وام پێبده‌ین و ڕانه‌گیرێت، ئێستاش كه به‌هه‌زاران كه‌س ڕوویان كردۆته هه‌رێمی كوردستان له‌نێویشیاندا قوتابی هه‌ن پێویسته دابه‌شیان بكه‌ین به‌سه‌ر كه‌مپه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی قوتابخانه‌مان بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه لێكردۆته‌وه."
ڕاشیگه‌یاند" ئێمه "ئیلتیزاماتێكی" نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئه‌خلاقیمان له‌سه‌ر شانه ئه‌وه‌ی له‌توانای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه بۆ هاونیشتمانانمان له "په‌نابه‌رانی ڕۆژئاوا" ده‌كه‌ین به‌ڵام ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێم و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیشه كه هاوكاری ئه‌وكه‌سانه بكه‌ن كه له ئه‌نجامی لێكه‌وته‌كانی جه‌نگ له‌ماڵ و حاڵی خۆیان دابڕاون نابێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م ئه‌ركه به‌ته‌نها بخاته سه‌رشانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چونكه تا ئه‌م ساته‌ی قسه ده‌كه‌م نزیكه‌ی 1355 منداڵ كه قوتابین له‌ناو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ن كه به‌هۆی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی توركیاوه ڕوویان كردۆته هه‌رێمی كوردستان."
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد" به‌هاوكاری ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ڕابردوودا بۆ ئه‌و سی هه‌زار قوتابیه‌ی په‌نابه‌رانی سوریا چ له ناو كه‌مپه‌كان یاخود له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان توانیومانه به زمانی عه‌ره‌بی و كرمانجی ژوور و پێداویستی و زمانی خوێندنیان بۆ دابین بكه‌ین و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان هاتووه درێغیمان نه‌كردووه."