Accessibility links

تایوان دەڵێت مەشقەکانی چین بەشێکن لە پلانی یارییەک بۆ داگیرکاری


وەزیری دەرەوەی تایوان دەڵێت چین ئەو مەشقە سەربازییانەی کە وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک بۆ سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی بۆ تایوان ئەنجامی دەدات وەکو بەشێکیش لە پلانی یارییەک بەکاریدەهێنێت بۆ داگیرکردنی تایوان.

وەزیری دەرەوەی تایوان جۆزێف وو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە تایپێی ئاماژەی بە خشتەی کاتێکی دیاریکراو نەدا بۆ ئەگەری داگیرکاری چین لە تایوان، کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.

گوتی ناتوانرێت تایوان بترسێندرێت تەنانەت لەکاتێکیشدا کە مەشقەکانی چین بەردەوامن و هەندێک کاتیش هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوان دەبەزێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد " چین مەشقە سەربازییەکانی بەکارهێناوە بۆ ئامادەکاریکردن بۆ داگیرکردنی تایوان."

گوتی " مەشقێکی بەرفراوانی سەربازی ئەنجام دەدات و موشەک هەڵدەدات، هەروەها هێرشی ئەلیکترۆنیش ئەنجام دەدات و هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و زۆرەملێی ئابووری دەستپێکردووە، هەموو ئەمانە لە هەوڵێکدا بۆ ڕووخانی ئیرادەی گشتی تایوان."

گوتیشی " دوای کۆتایی هاتنی مەشقەکان، ڕەنگە چین هەوڵ بدات کارەکانی بکاتە ڕۆتینێک تاوەکو دۆخی هەنووکەیی لە سەرانسەری تەنگەی تایوان تێک بدات."

هەروەها گوتیشی ئەو جۆرە هەنگاوانە هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست کردووە و " وێنەیەکی ڕوونی لەسەر ئارەزووە جیۆستراتیژییەکانی چین دەرخست کە لەسەروو تایوانیشەوەیە." هەروەها داوای پشتیوانییەکی زیاتری نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر چین ڕابگرن لە کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی تایوان.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە گوتی واشنتن سوورە لەسەر خەمڵاندنەکەی لەسەر ئەوەی چین تاوەکو دوو ساڵی داهاتوو هەوڵی داگیرکردنی تایوان نادات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG