سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن وتی ئەرکی ژیانی خۆی ئەوەیە دڵنیا ببێتەوە لەوەی دوورگەکە هەر وەکو موڵکی تایوانییەکان بمێنێتەوە و بوونی تایوان مەترسی لەسەر هیچ کەسێک دروست ناکات.
ئەم لێدوانەی سەرۆکی تایوان پێش هەڵبژاردنەکانی تایوان دێت کە بڕیارە لە 26 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەبچێت، هەروەها مانگێک دوای ئەوەش دێت سەرۆکی چین شی جینپینگ کە فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر تایوانی دیموکراتخواز زیاتر کردووە، خولی سێیەمی سەرۆکایەتی چینی مسۆگەر کرد.
لە کاتێکدا دەنگدان بۆ سەرۆک شارەوانی و ئەنجومەنەکان پرسی ناوخۆیین، تسای لە ناوەڕاستی تایپێی بە هەزاران لایەنگری خۆی وت شتی زۆر زیاتر لە مەترسیدان.
تسای وتی خۆی " نەداوە بە دەستەوە " بۆ پێشنیارەکەی سەرۆکی چین بۆ " یەک چین و دوو سیستم " کە ئەو کاتە تایوان دەچێتە ژێر سەرکردایەتی چینەوە، وتی لە ژێر سەرکردایەتی خۆیدا وڵاتانی زیاتر و زیاتر ئاشتی و دیموکراسییەکەی تایوان بە کلیلی سەرەکی ئاشتی دادەنێن.
وتی " دەمەوێت بە هەمووان بڵێم بوونی تایوان و سووربوونی گەلی تایوان لەسەر ئازادی و دیموکراسی مەترسیی نیە بۆ سەر هیچ کەسێک."
وتیشی " وەکو سەرۆک، داوام ئەوەیە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی تایوان بۆ هەمیشە وەکو موڵکی تایوانییەکان بمێنێتەوە."
دوای ئەوەی لە مانگی هەشتدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی سەردانی تایوانی کرد، چین گەورەترین مەشقی سەربازیی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا، لەو کاتەشەوە بەردەوام بووە لە چالاکییە سەربازییەکانی لە نزیک تایوان، ڕۆژانەش فڕۆکە شەرکەرەکانی چین هێڵی هەستیاری ناوەندی تەنگەی تایوان تێپەڕ دەکەن کە هێڵێکی نافەڕمییە و سنووری ئاوی تایوان و چین لە یەک جیا دەکاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز