کاربەدەستانی ئەفغانی دەڵێن چەکدارانی تاڵیبان هێرشیان کردووەتە سەر دوو خاڵی پـشکنینی پـۆلیس لە هەرێمی کوندوزی باکوری وڵات و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 9 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش کوژراون.
عەبدولسەتار میرزاکوال، فەرمانڕەوای کوندوز بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوت شەوی پـێنجشەممە لەسەر هەینی چەکدارانی تاڵیبان هێرشیان کردووەتە سەر دوو خاڵی پـشکنینی پـۆلیس لە ناوچەی ئیمام ساحیبی سەرسنوور لەگەڵ وڵاتی تاجیکستان وە شەڕ و پـێکدادان ڕوویداوە و لە ئەنجامدا 9 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش کوژراون.
بەڵام خالۆدین حەکیمی ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی کوندوز گوتی لە شەڕەکاندا 10 ئەندامی ئاسایش گیانیان لەدەستداوە و 10 ئەندامی دیکە برینداربوون.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تاڵیبان هیچ لێدوانێکی لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.
بەردەوام لەم ناوچەیەی باکوری ئەفغانستان گروپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئاسایش و زۆر جار هەوڵیان داوە بچنە ناو شاری کوندوز. لەم ساڵانەی دوایی دوو جار ئەو شارە کەوتە ژێر دەستی چەکدارانەوە.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو توندوتیژیـیەکان لە چەند ناوچەیەکی ئەفغانستان زۆربوونەوە، هەرچەندە حکومەتی ئەفغانی و تاڵیبان لە وتووێژدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی.