Accessibility links

تاڵیبان ڕازی دەبێت ئامادەی کۆبوونەوەیەک بێت لەسەر ئەفغانستان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەوحە


حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕۆژی یەکشەممە وتی شاندێک دەنێرێت بۆ کۆنفرانسە دوو ڕۆژەییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەفغانستان، کە بڕیارە لە 31 ی مانگی شەشدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بەڕێوەبچێت.

ئەمەش یەکەمین جار دەبێت تاڵیبانی فەرمانڕەوا لە ئەفغانستان بەشداری کۆبوونەوەیەکی شاندە نێودەوڵەتییەکان بکات لەسەر ئەفغانستان، لە دوای ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش پڕۆسەکەی دەستپێکرد، ئامانج لە کۆنفرانسەکەش پەرەدانە بە ڕێبازێکی یەکگرتووی جیهانی لەسەر چۆنێتی پەیوەندیکردن لەگەڵ تاڵیباندا.

وتەبێژی باڵای تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەفغانی وت حکومەتەکەیان لە ناوخۆدا گفتوگۆیان لەسەر ئەجێندای سێیەمین خولی کۆنفرانسەکە کردووە و ڕازیبوون بەشداری بکەن.

موجاهید لە چاوپێککەوتنێکدا کە لە تۆلۆ نیوز پەخشکرا وتی " بە ویستی خودا دواتر پێکهاتەی شاندەکە ڕادەگەیەنین. باوەڕمان وایە ئەمە لە خزمەتی بەرژەوەندی ئەفغانستاندا دەبێت."

موجاهید داکۆکی لە بڕیارەکە کرد و باسی لە هیچ مەرجێکی حکومەتەکەی نەکرد بۆ بەشداریکردن، وتی پێیان وایە هەر کۆبوونەوەیەک کارئاسانی بکات بۆ یارمەتییە مرۆییەکان و وەبەرهێنان لە ئەفغانستاندا گرنگە.

دواتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکی فەڕمیدا وتی بڕیاری بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەی دەوحەدا لە گفتوگۆکانی تاڵیبانەوە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەسەر ئەجێندا ولیستی بەشداربوواندا سەرچاوەی گرتووە، کە دوو مانگییان خایاندووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان عەبدولقەهار بەڵخی وتی " ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بکرێت لە ئەجێندا و بەشداریکردنەکاندا، ئەوە بە شێوەیەکی سروشتییانە کاریگەریی دەبێت لەسەر بڕیارەکەمان کە لەو کاتەدا لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هاوبەشی دەکەین."

نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی خولی سێیەمی کۆبوونەوەکە ئامانج لێی زیادکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە بە شێوەیەکی " یەکگرتوو و هەماهەنگ و پێکهاتەدارتر " لەگەڵ تاڵیبان و ئەفغانستانیشدا بە گشتی.

گۆتیرێش بانگهێشتی تاڵیبانی نەکرد لە یەکەم خولی کۆبوونەوەکەدا لە مانگی پێنجی ساڵی 2023 دا، لە مانگی دووشدا تاڵیبان بانگهێشتێکی بۆ خولی دووەمی کۆبوونەوەکان ڕەت کردەوە.

تاڵیبان پێش خولی دووەمی کۆبوونەوەکە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو شاندەکەی تاڵیبان بە نوێنەری فەڕمی ئەفغانستان بناسێنن. ئەوەش مانای ئەوەی گەیاند کە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەفغانستان و چالاکەوانەکانی مافەکانی ژنان ڕێگەیان نەدرێت ئامادە بن. بەرپرسانی تاڵیبان هەوڵی کۆبوونەوەیەکی " زۆر ئاست بەرزییاندا " لە نێوان شاندەکەیان و نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەو مەرجانەی تاڵیبانی ڕەت کردەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی بە حکومەتەکەی تاڵیباندا نەناوە، چونکە زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی تاڵیبان هێشتا لە ژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندان بەهۆی تیرۆرەوە.

موجاهید باسی لە هیچ مەرجێک نەکرد بۆ بەشداریکردنییان لەم خولەی کۆبوونەوەکەدا لە دەوحە.

ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی یەکشەممەی تاڵیبان لە نێوەندی داواکاندا دێت لە ئەفغانستان و ڕێکخراوەکانی چاودێری مافەکانی جیهانەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە نوێنەرایەتیکردنی ژنانی ئەفغانی لە کۆبوونەوەکەی دەوحەدا، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی پرسی مافەکانی ژنان و کچانی ئەفغانی بابەتی سەرەکی گفتوگۆکان بن.

کچانی ئەفغانی سەروو تەمەن 12 ساڵ ڕێگەیان نادرێت ئامادەی خوێندنی ناوەندی بن، ژنانیش قەدەغە کراوە لەسەرییان لە شوێنی کارە گشتی و تایبەتەکاندا کاربکەن.

ژنان لە ئەفغانستان ناتوانن بۆ مەودایەکی دوور بە تەنها گەشت بکەن و دەبێت خزمێکی نێرییان لەگەڵدا بێت، هەروەها قەدەغە کراوە لەسەرییان سەردانی شوێنە گشتییەکانی وەکو پارکەکان و شوێنەکانی یاری ئاسن و گەرماوەکان بکەن.

ڕابەری تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادە ڕەخنە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر چۆنێتی فەرمانڕەوایی تاڵیبان ڕەت کردووەتەوە، لەوانەش کۆتوبەند خستنەسەر ژنان و دەڵێت ئەوە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی ئەفغانستاندا.

XS
SM
MD
LG