Accessibility links

تاڵیبان ڕێگە بە خوێندنی کچان دەدات لە پەیمانگا تەندروستییەکانی سەر بە دەوڵەتدا


تاڵیبان گوایە ڕێگەیداوە بەو کچە خوێندکارانەی کە لە قۆناغی ئامادەیی دەرچوون لە ئەفغانستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمی خۆیان لە پەیمانگا تەندروستییەکانی سەر بە دەوڵەتدا تۆمار بکەن، بڕیارە خوێندنی ئەکادیمی لە مانگی سێدا دەستپێبکات.

دەزگای فەڕمی هەواڵیی بەختاری سەر بە تاڵیبان بڵاویکردەوە پڕۆسەی تۆمارکردنەکان لە زیاتر لە 12 هەرێمی ئەفغانستاندا دەستیپێکردووە، ئەوەش دوابەدوای فەرمانێکی وەزارەتی تەندروستی گشتییەوە لە کابوڵ.

تاوەکو ئێستا تاڵیبانی فەرمانڕەوای ئەفغانستان لێدوانییان لەسەر ئەو فەرمانەی وەزارەتەکە نەداوە.

دوای ئەوەی لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، تاڵیبان خوێندنی کچانی لە دوای پۆلی شەشەوە قەدەغە کرد و کارکردنی ژنانیشی لە کەرتە تایبەت و گشتییەکاندا قەدەغە کردووە.

فەرمانەکەی وەزارەتی تەندروستی گشتی ڕەنگە نیشانەیەک بێت لەسەر کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر ئەو کچە خوێندکارانەی کە پێش گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان قۆناغی ئامادەییان تەواو کردووە، ئەوەش لە پێناو دەستپێکردنەوەی خوێندنەکانییان و دامەزراندنییان لە کەرتی تەندروستیدا، کەرتی تەندروستی یەکێکە لەو کەرتە کەمانەی کە تاوەکو ئێستا ڕێگە دراوە ژنان تێیدا کاربکەن.

ڕێکخراوەکانی یارمەتییە مرۆییەکان دەڵێن کۆتوبەندەکانی سەر خوێندنی ژنان و کارکردنییان زیانی بە کەرتە تەندروستییە خراپەکەی ئەفغانستان گەیاندووە لە کاتێکدا کە وڵاتەکە ماوەی ساڵێکە هیچ پزیشکێکی بەرهەم نەهێناوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار هۆشداری داوە لەسەر ئەوەی ئەفغانستان بە گشتی ڕووبەڕووی کەمیی کارمەندانی تەندوستی دەبێتەوە، بە تایبەتی لە کارمەندی ژندا.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕۆژی سێشەممە جەختی لەوە کردەوە تاڵیبان دەبێت " کۆتوبەندەکانی سەر کچان " لە دەستڕاگەیشتنییان بە خوێندن و قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لاببات.

وتی " ژنان و کچان دەبێت بە تەواوەتی بتوانن بەشداری لە هەموو بوارەکانی ژیانی ئەفغانیدا بکەن، لە پۆلەکانی خوێندنەوە بۆ ئەو مێزانەی کە بڕیارییان لەسەر دەدرێت."

XS
SM
MD
LG