Accessibility links

تاڵیبان یاسایەک جێبەجێ دەکات کە ژنان لە دەرەوە بێدەنگ دەکات و ئازادییەکەیان سنووردار دەکات


سەرکردەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان یاسای نوێیان دەرکردووە بۆ سەرکوتکردنی ژنان، گۆرانی وتن و خوێندنەوەی هۆنراوە یاخود قسەکردنییان بە دەنگی بەرز لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە دەکات و ناچارییان دەکات لە هەموو کاتێکدا ڕووخسار و جەستەیان داپۆشن.

کۆتوبەندەکان لە چوارچێوەی یاسایەکی نوێی هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکاریدان، وتەبێژی وەزارەتی دادی تاڵیبان وتی ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی داد یاساکەی بڵاوکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی یاساکە لەلایەن ڕابەری باڵای تاڵیبان ئایەتوڵا ئاخوندزادەوە پەسەند کرا.

یاساکە یەکەمین ڕاگەیاندنی فەڕمی یاساکانی هاندان بۆ چاکە و ڕێگریکردن لە خراپەکارییە لە ژێر یاسای شەریعەی ئیسلامیدا.

یاساکە بە شێوەیەکی بەرچاو ئازادییە تایبەتییەکان و کارە ئاینییەکان سنووردار دەکات. یاساکە نزیکەی سەرجەم بوارەکانی ژیانی ڕۆژانە لە ئەفغانستان دەگرێتەوە، لەوانەش گواستنەوە و میوزیک و ڕیش تاشین و ئاهەنگگێڕان و ڕەفتاری ژنان و دەرکەوتنییان لە دەرەوەدا.

یاساکە کە ژنانی کۆمەڵگەی ئەفغانی کردووەتە ئامانج ڕوونی دەکاتەوە کە دەنگی ژن ناسکە و نابێت ببیسترێن گۆرانی بڵێن یاخود هۆنراوە بخوێننەوە یاخود لە شوێنە گشتییەکاندا بە دەنگی بەرز بخوێننەوە. ژنان ڕێگەیان پێنادرێت سەیری ئەو پیاوانە بکەن کە خزمییان نین و یاخود هاوسەرییان نین، بۆ پیاوانیش بە هەمان شێوە.

بەپێی یاساکە، ژنان دەبێت هەموو کات لە دەرەوە ڕووخسار و جەستەیان داپۆشن بۆ ئەوەی خەڵکانی دیکە بەلای خۆیاندا ڕانەکێشن. هەروەها دەڵێت جلەکانییان دەبێت تەسک و کورت و تەنک نەبن.

سزای زیندانیکردن لە یەک کاتژمێرەوە بۆ 3 ڕۆژ بۆ پێشێلکردنی یاساکە داندراوە، هەروەها دەکرێت ئەگەر گونجاو بێت دەست بەسەر موڵکەکانی پێشێلکارەکەدا بگیرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG