Accessibility links

ئەوەی پێویستە لەسەر خۆرگیرانی گەورەی 8ی مانگی چوار لە ئەمەریکا، کەنەدا و مەکسیک بیزانین، چییە؟


بڕیارە ڕۆژی دووشەممە 8ی مانگی چوار دانیشتوانی ئەمەریکای باکوور لە مەکسیکەوە تا کەنەدا و تێکساس و 14 ویلایەتی دیکەی ئەمەریکا شاهیدی خۆرگیرانی تەواوەتی ببن و ئاسمان بۆ ماوەی چوار خولەک و 28 چرکە تاریک ببێت.

خۆرگیرانەکەی ئەمجارە ماوەکەی دوو هێندە زیاتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ خۆرگیرانەکەی ساڵی 2017 دا کە لە ئەمەریکادا ڕوویدا.

خۆرگیرانی 8ی ئەم مانگە لە زریای ئەتڵەسەوە دەستپێدەکات و لە ناوەڕاستی مەکسیک دەگاتە لوتکەی خۆی و پاشان لە ویلایەتی تەکساسەوە دێتە ناو ئەمەریکا و ناوچەی باشووری دەریاچە گەورەکان لە شاری بوفالۆ و هەروەها ناوچەی دەوروبەری تاڤگەکانی نیاگارا لە ناوەڕاستی ئەمەریکا و کەنەدا دەگرێتەوە.

بە شێوەیەکی کرداریی، هەمووان لە کیشوەرەکەدا دەتوانن بەشێکی خۆرگیرانەکە ببینن، خەڵک دەشتوانن لە ڕێی ئۆنلاینەوە تەواویی خۆرگیرانەکە ببینیت. ناسا بۆ چەندین کاتژمێر ڕاستەخۆ خۆرگیرانەکە دەگوازێتەوە.

خۆرگیرانی تەواوەتی چییە؟
لە نیوەڕۆدا خۆر بە تەواوەتی ڕێک دەبێت لەگەڵ زەوی و مانگدا و مانگ ڕووناکی خۆرەکە دەگرێت. خۆرگیرانەکە ئەمجارە زیاتر دەخایەنێت چونکە مانگ تەنها 360,000 کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوور دەبێت. هەتاوەکو مانگ لە زەوییەوە نزیکتر بێت، لە دیدی ئێمەوە لە ئاسمانەوە گەورەتر دەردەکەوێت، هەتاوەکو لە ئاسماندا گەورەتر دەربکەوێت، تاریکی خۆرگیرانەکە درێژتر دەبێت. ماوەی خۆرگیرانەکە لە مەکسیک زیاتر دەبێت، بە جۆرێک 4 خولەک و 28 چرکە دەخایەنێت. لە شوێنەکانی دیکەی وەکو سیراکیوسی نیویۆرک، ماوەی خۆرگیرانەکە تەنها 1 بۆ 2 خولەک دەخایەنێت.

ڕێڕەوی خۆرگیرانەکە چۆنە؟
سێبەری مانگ هێڵێکی تیرەیی لە باشووری ڕۆژئاواوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵات لە سەرانسەری ئەمەریکای باکووردا دەبڕێت، بۆ ماوەیەکی کورت کۆمەڵگاکانی سەر ڕێڕەوەکە دەخاتە تاریکییەوە. خۆرگیرانەکە لە ناو کیشوەرەکەدا لە مازاتلانی مەکسیکەوە دەستپێدەکات و لە نیوفاوندلاند لە کەنەدا تەواو دەبێت. لەو نێوانەدا 15 ویلایەتی ئەمەریکا لە تێکساسەوە تا مەین خۆرگیرانەکە بە تەواوەتی دەبینن.

ئایا ئەستێرەی کلکدار لە ماوەی خۆرگیرانەکەدا دەبیندرێت؟
لە ماوەی خۆرگیرانەکەدا، ڕەنگە بتوانیت ئەستێرەیەکی کلکدار لەگەڵ چوار هەسارەدا ببینیت، ئەگەر شانست هەبێت. جوپیتەر لەلای چەپی خۆرەوە دەبێت و ڤینۆسیش لەلای ڕاستی خۆرەوە دەبێت. ساتۆرن و مەریخ لەلای ڕاستی ڤینۆسەوە دەبن، بەڵام کەمتر دیار دەبن. سێ هەسارەکەی دیکەی سیستمی خۆریش لەو ناوەدا دەبن، بەڵام مەحاڵ دەبێت بە چاو ببیندرێن. ئەستێرەی کلکداری 12P/Pons – Brooks بە لای زەویدا تێدەپەڕێت، لە 71 ساڵدا یەکجار ئەو ئەستێرەیە بە لای زەویدا تێپەڕ دەبێت. ئەستێرەکە بە باشی دیار نابێت و لە ماوەی خۆرگیرانەکەدا لە نزیک جوپیتەرەوە دەبێت.

لە 21 ی مانگی هەشتی ساڵی 2017 ەوە خۆرگیران لە ئەمەریکادا ڕووی نەداوە، دوای خۆرگیرانەکەی ڕۆژی دووشەممەش، خۆرگیران تاوەکو ساڵی 2026 لە ئەمەریکا ڕووناداتەوە.

چاودێریکردنی سەلامەتی
لە هەموو قۆناغەکانی خۆرگیراندا، جگە لەو کاتەی خۆر بە تەواوەتی گیراوە، پێویستە چاویلکەی خۆرگیران و فلتەری تایبەتی خۆرگیران بەکاربهێنیت. ئاگاداربە چاویلکەی ڕەنگاوڕەنگ، چاویلکەی خۆر و هاوشێوەکانی لەچاو مەکە، چوونکە هەرچەندە ئەم شتانە تیشکی خۆر لە ڕواڵەتدا کەمدەکەنەوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە تیشکی زیانبەخشی خۆر تێیدا تێپەڕ دەبێت و لە ئەنجامدا زیان بە چاوەکانت دەگەیەنێت.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG