Accessibility links

 
دادگاییکردنی ئەو پیاوانەی کە تۆمەتبارکراون بە هەوڵدان بۆ کوشتنی پێشکەشکارێکی دەنگی ئەمەریکا لە نیویۆرک دەستپێدەکات

دادگاییکردنی ئەو پیاوانەی کە تۆمەتبارکراون بە هەوڵدان بۆ کوشتنی پێشکەشکارێکی دەنگی ئەمەریکا لە نیویۆرک دەستپێدەکات


مەسیح عەلینەژاد
مەسیح عەلینەژاد

زیاتر لە دوو ساڵ تێپەڕیوە لەو کاتەوەی پۆلیس پیاوێکی ڕاگرت کە لە دەرەوەی ماڵی مەسیح عەلینەژادی ڕۆژنامەوانی ئێرانی لە نیویۆرک دەسوڕایەوە. لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا چەکێکییان دۆزییەوە کە ژمارە زنجیرەییەکەی سڕابووەوە، هەروەها 66 فیشەک و دەمامکێکی خلیسکێنەی سەر بەفرییان لە ئوتومبێلەکەدا دۆزییەوە.

گوایە سوپای پاسدارانی ئێران ئەو پیاوەیان ناردبێت بۆ کوشتنی عەلینەژاد، کە ڕەخنەگرێکی سەرسەختی تارانە.

ڕۆژی دووشەممە ئەو پیاوانەی کە تۆمەتبار کراون بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی چالاکییەکە، ڕافات ئامیرۆڤ و پۆلاد ئومارۆڤی ڕووسیایی، بڕیارە لە دادگایەک لە مانهاتن دادگایی بکرێن.

ئەوان تۆمەتبارکراون بە تۆمەتی کوشتن بۆ بەکرێگرتن و پیلانگێڕی لە دۆسییەیەکدا کە شارەزایان دەڵێن جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکومەتی ئێران تا چ ڕادەیەک دەڕوات بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگرانی، تەنانەت ئەوانەی لە دەرەوەی سنوورەکانیشی دەژین.

وەزیری ئەو کاتەی دادی ئەمەریکا مێریک گارلاند لە ساڵی 2023 دا کاتێک بەرپرسانی فیدڕاڵ بۆ یەکەم جار وردەکارییەکانییان سەبارەت بە پلانی کوشتنی عەلینەژاد بڵاوکردەوە وتی " ئێمە هەوڵی هێزە دەرەکییەکان بۆ هەڕەشەکردن، بێدەنگکردن یاخود زیانگەیاندن بە ئەمەریکاییەکان قبووڵ ناکەین."

عەلینەژاد پێشتر لە ئێران وەکو ڕۆژنامەنووس کاری کردووە پێش ئەوەی ناچار بکرێت لە ساڵی 2009 دا وڵاتەکە جێبهێڵێت. ئێستا پێشکەشکاری پڕۆگرامێکی بەشی زمانی فارسی دەنگی ئەمەریکایە.

ڕۆژی دووشەممە پەیوەندی بە عەلینەژادەوە کرا، عەلینەژاد بە دەنگی ئەمەریکای وت ناتوانێت هیچ لێدوانێک بدات لە کاتێکدا کە دادگاییکردنەکە بەڕێوەدەچێت.

هەوڵی کوشتنەکەی ساڵی 2022 یەکەمجار نەبوو عەلینەژاد بکرێتە ئامانج.

لە ساڵی 2018 دا بەرپرسانی ئێران پێشنیاری پێدانی پارەیان کرد بە کەسوکاری عەلینەژاد تاوەکو بانگی بکەن بۆ تورکیا، بە ئامانجی ئەوەی لەوێوە بیگەڕێننەوە بۆ ئێران و زیندانی بکەن، ئەمەش بەپێی بەڵگەکانی دادگا، بەڵام کەسوکارەکەی ئەو پێشنیارەیان ڕەت کردووەتەوە.

دواتر لە ساڵی 2021 دا بریکارە ئێرانییەکان بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ڕفاندنی عەلینەژاد تۆمەتبار کران. هەوڵدراوە لە نیویۆرکەوە بگوازرێتەوە بۆ ڤەنزوێلا، کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

لە دوای هەوڵەکانی ڕفاندنییەوە، عەلینەژاد پاراستنی لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە وەرگرتووە و بەردەوام لە ماڵێکی پارێزراوەوە گواستوویەتییەوە بۆ ماڵێکی دیکەی پارێزراو.

سەرەڕای هەڕەشە و مەترسییەکان، عەلینەژاد ڕەتی کردووەتەوە واز لە کارەکەی بهێنێت.

عەلینەژاد لە ساڵی 2023 دا بە دەنگی ئەمەریکای وت " چەک و فیشەکم نیە، چەک هەڵناگرم. بەڵام ئەم حکومەتە هەموو شتێکییان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لە من دەترسن." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ حکومەتی ئێران. وتیشی " ئەوەش هێزم دەداتێ، تەنانەت بە وشەکانم، تەنانەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم، من زۆر بەهێزترم لەوان."

بەپێی داواکارن، هەوڵی کوشتنی عەلینەژاد بە ماوەیەکی کورت دوای شکستهێنانی پلانی ڕفاندنی هاتووە. داواکارن دەڵێن پلانی کوشتنەکە لەلایەن تۆڕێکەوە لە ئێران دەستپێشخەری بۆ کراوە کە لەلایەن ڕوحوڵا بازقەندییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، بازقەندی جەنەڕاڵێکە لە سوپای پاسدارانی ئێراندا.

بازقەندی و سێ پیاوی ئێرانی دیکە کە لە ژێر دەستی ئێراندا نین لە نیویۆرک تۆمەتبار کراون بە تۆمەتی کوشتن بۆ بەکرێگرتن.

عەلینەژاد لە مانگی 10 ی ساڵی 2024 دا کاتێک بازقەندی و سێ کەسەکەی دیکە تۆمەتبار کران، بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەمە دی ئێن ئەی سوپای پاسدارانی ئێرانە."

لەو کاتەدا عەلینەژاد بە دەنگی ئەمەریکای وت کە ئەوە گرنگە بۆ حکومەتی ئەمەریکا لێپێچینەوە لە ئێران بکات لەسەر پلانەکە و سەرکوتکارییەکەی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا.

وتی " ئەمە دەربارەی پاراستنی دیموکراسییە. ڕژێمی ئێران تەحەدای حکومەتی ئەمەریکا دەکات لەسەر خاکی ئەمەریکا، ئەمەش بە ئامانجکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئاسایشی نیشتیمانی و پارێزراویی ئەمەریکایە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG