دانۆڵد ترامپ دەڵێت نوێژ و نزادەکات بۆ سەرکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا لە هێشتنەوەی وڵاتەکە بە پارێزراویو گەشەسەندوو.
سەرۆک ترامپ پاش نیوەڕۆی سێشەممە و لە وتاری ماڵئاوای بەبێ ئەوەی ناوی جۆو بایدن بهێنێت، گوتی" لەم کاتەی کۆتایی بە خولی سەرۆکایەتیـیەکەم دەهێنم وەک 45 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا ، بە ڕاستی بە شانازیـیەوە لە بەردەمتاندا دەوستم بۆ ئەو ئەنجامەی پـێکەو بەدەستمان هێناوە. ئەوەمان ئەنجام دا کە بۆی هاتبووین. ئەم هەفتەیە ، بەڕێوەبەرایـیەکی نوێ دەستبەکاردەکەین و نوێژ و نزای بۆ دەکەین ئەمەریکا بە پارێزراوی و گەشاوە بهێڵێتەوە. هیوای ئەوپەڕی باشیـیان بۆ دەخوازین و بەختەوەربن."
ترامپ لە وتارەکەی سوپاسی تایبەتی مەڵانیای ترامپی هاوسەری و هەموو ئەندامانی خێزانەکەی خۆی کرد. هەروەها سوپاسی مایک پــێنسی جێگری و کارینی هاوسەری پـێنسی و هەموو کارمەندانی کۆشکی سپی و پاسەوانانی فیدراڵی کرد.
پاشان ترامپ باسی لە دەستکەوتەکانی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی کرد ،گوتی مەزنترین ئابوری لە مێژووی جیهاندا بنیادنایەوە و ئێستا ئەمەریکا هێز و توانای خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە گەڕاندەوە و هاوپەیمانێتیـیەکانی چالاککردووەتەوە بۆ وەستان بەرەو ڕووی چین کە پـێشتر بەو شێوەیە نەبووە.
گوتیشی" خەلافەتی داعش و دامەزرێنەر و ڕێبەرەکەی ئەبو بەکر ئەلبەغدادیمان لەناوبرد ، وە بەرەو ڕووی ڕژێمی ئێرانی سەرکوتکار وەستاینەوە و گەورەترین تێرۆرستی جیهان قاسم سولەیمانی خوێنڕێژمان کوشت. دانمان نا بە ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل و سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزایـیەکانی گۆلاندا (جۆلان).
ترامپ لە درێژەی وتارەکەی گوتی هەروەهالە ئەنجامی کاری دیپـلۆماسی توانیویەتی زنجیرەیەک ڕێکەوتننامەی ئاشتی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بهێنێتە دی و لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم سەرۆکە لە دەیان ساڵی ڕابردوو شەڕێکی نوێی ئەنجام نەداوە.
باسی لە پەتای کۆرۆنا کرد و بە ڤایرۆسی چینی ناودێری کرد ،گوتی سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە زیانی بە ئابوری ئەمەریکا گەیاند و ئەگەر ئەم ڤایرۆسە نەبووایە ئێستا ئەمەریکا بە ملیاران دۆلار دەستکەوتی دەبوو.
باسی لە ڤاکسینی کۆرۆنا کرد ،گوتی بەڕێوەبەرایەتـیەکەی توانی لە ماوەی 9 مانگ دادوو ڤاکسینی دژی ڤایرۆسەکە بەرهەم بهێنێت لە کاتێکدا هەر بەڕێوبەرایەتیـیەکی دیکە بووایە ئەوا ڕەنگە بە 10 ساڵ بەو ئەنجامە بگەیشتایە.
سەربارەت بە هاوپەیمانێتی ناتۆ، گوتی ئێستا وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بە دەیان ملیار دۆلار دەدەن بۆ خەرجیـیەکانی هاوپەیمانێتیـیەکەیان ، ئەمەش زۆر زیاترە لەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر دەیاندا.
هەروەهاگوتی باجی بە ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئەمەریکایـیەکان کەمکردووەتەوە و ژیان گوزەرانی باشترکردوون.
باسی لە لەشکر ی ئەمەریکا کرد کە چۆن لە سەردەمی ئەودا بە بەهای نزیکەی 3 ترلیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ بنیادنانەوەی و لەگەڵ ئەوەشدا هێزی واڵایی ئاسمانیشی بۆ دامەزرێنرا کە ئەمە یەکەم جارە لە پاش 75 ساڵ لەشکری ئەمەریکا هێزێکی نوێی هەبێت.
ترامپ لە کۆتایی وتارەکەی گوتی " لەم کاتەی خۆم ئامادە دەکەم نیوەڕۆی چوارشەممە دەسەڵات ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی نوێ بکەم، دەمەوێت ئەوە بزانن ئەو بزووتنەوەیەی دەستمانپـێکرد وا ئێستا دەستیپـێکرد."
سبەی چوارشەممە و لە کاتژمێر 12 نیوەڕۆ بە کاتی واشنتنی پایتەخت، جۆو بایدن لە پاش سوێندخواردن سەرۆکایەتی وڵات دەگرێتەدەست و دەبێتە 46 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا.