بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ چەند کاتژمێرێک دوای دانانی هەژمارێک لە تیک تاک، یەک ملیۆن شوێنکەوتوو بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، ئەوەش لەسەر کورتە ڤیدیۆیەک کە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەدا بڵاویکردەوە.
بڕیاری هاتنی بۆ ناو تیک تاک یارمەتی ترامپ دەدات بگات بە دەنگدەرە گەنجەکان لە سێیەمین هەوڵیدا بۆ کۆشکی سپی. ترامپ لە کێبڕکێیەکی نزیکدایە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و بەربژێری دیموکراتەکان جۆو بایدن، بڕیاریشە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە 5 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەبچن.
کەمپینی هەڵبژاردنەکانی بایدن پێشتریش لە تیک تاک بووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بایدن پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کردووە کە تێیدا تیک تاک لە ئەمەریکا قەدەغە دەکات ئەگەر کۆمپانیای بایتدانس چینی خاوەنی تیک تاک ئەپەکە نەفرۆشێت، کە لەلایەن 170 ملیۆن ئەمەریکاییەوە بەکاردەهێندرێت.
ترامپ لە هەژمارەکەی خۆی یەکەمین ڤیدیۆی بڵاوکردەوە. لە ڤیدیۆکەدا ترامپ دەبیندرێت سڵاو لە لایەنگرەکانی دەکات لە یارییەکی پاڵەوانێتی Ultimate Fighting لە نیوارک لە نیوجێرزی.
ئەو پڕۆژە یاسایەی کە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکا و سەرۆک بایدنیشەوە پەسەند کراوە داوا لە کۆمپانیای بایتدانسی چینی دەکات تاوەکو مانگی یەکی ساڵی داهاتوو تیک تاک بفرۆشێت، ئەگەر نا ئەوا لە ئەمەریکادا قەدەغە دەکرێت. کۆشی سپی دەڵێت دەیەوێت خاوەندارێتی کۆمپانیا چینییەکە بەسەر تیک تاک کۆتایی بێت، ئەوەش بە هۆکاری ئاسایشی نیشتیمان.
تیک تاک ئاماژەی بەوە داوە کە زانیاریی بەکارهێنەرە ئەمەریکاییەکان نادات بە حکومەتی چین و ڕێوشوێنی گرنگی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی تایبەتیی بەکارهێنەرەکانی.
هەوڵەکەی ترامپ لە ساڵی 2020 دا بۆ قەدەغەکردنی تیک تاک لەلایەن دادگاکانەوە ڕاگیرا. لە مانگی سێدا وتی تیک تاک مەترسییە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی، بەڵام قەدەغەکردنیشی زیان بە هەندێک لە گەنجان دەگەیەنێت و تەنها سەکۆکانی کۆمپانیای مێتا بەهێزتر دەکات، لەوانەش فەیسبووک، کە ڕەخنەیەکی زۆری لێگیراوە.
ترامپ پێشتریش بوونێکی چالاکی هەبووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە جۆرێک زیاتر لە 87 ملیۆن شوێنکەوتووی هەیە لە ئێکسدا و زیاتر لە 7 ملیۆن شوێنکەوتووشی هەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروثدا کە خۆی خاوەنییەتی، لەوێ ڕۆژانە پۆست دەکات.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز