دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا پشتیوانی خۆی بۆ خەڵکی ئێران دووپات دەکاتەوە لە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی. ئەمەش دەقەکەیەتی:
"هیوای نەورۆزێکی قەشەنگ و پـیرۆز بۆ ملیۆنان کەس دەخوازم کە لە سەرانسەری جیهان بە بۆنەی هاتنی بەهارەوە ئاهەنگ دەگێڕن.
مێژووی نەورۆز ڕەگی لە ئێراندا داکوتیوە کە بۆ هەزاران ساڵە نیشتمانێکی سەربەرز بووە بە زاڵبوونی بەسەر گرفتە گەورەکاندا لە ڕێگەی بەهێزی کولتورەکەی و توانای خەڵکەکەی بۆ هەستانەوە سەرپێ. ئەمڕۆ خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی گرفتێکی دیکە بوونەتەوە: حوکمڕانێک کە تەنیا خزمەتی خۆیان دەکەن لە بری ئەوەی خزمەتی خەڵکەکەیان بکەن.
25 سەدە لەمەوبەر، داریوشی مەزن داوای لە یەزدان کرد ئێران لە سێ مەترسی بپارێزێت: لەشکری دوژمن، وشکەساڵی، درۆ. ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران نوێنەرایەتی ئەم سێـیانە دەکات.
یەکەم، سوپای پاسداران نە لە ناوەکەی و نە لە کرداری ئێرانی نیـیە. لەشکرێکی دوژمنە کاری دڕندانە دەکات و دزی لە خەڵکی ئێران دەکات بۆ دابینکردنی پارە بۆ تێرۆرزم لە دەرەوە. لەوەتای ساڵی 2012 سوپای پاسداران زیاتر لە 16 ملیار دۆلاری لە سامانی ئێرانی خەرجکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی ئەسەد و گروپە چەکدارە تێرۆرستیـیەکان لە سوریا و عێراق و یەمەن. بەڵام لە هەمان کاتدا داهاتی مامناوەندی خێزانەکانی ئێران بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر 15% کەمی کردووە و هەروەها نزیکەی 30% ی گەنجانی ئێران بێکارن. ئێرانیـیە ئاسایـیەکان دووچاری گرفتی ئابوری بوونەتەوە و ناتوانن لە جەژنەکانی وەکو نەورۆز ئاهەنگ بگێڕن.
دووەم، گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردنی سوپای پاسداران بووەتە مایەی وشکەساڵی بەردەوام و دروستکردنی قەیرانێکی ژینگەیی. دروستکردنی بەنداو بە شێوەیەکی بێسەروبەر لە لایەن کۆمپانیاکانیـیەوە، لەوانە خاتم ئەلئەنبیا، بووەتە هۆی وشککردنی ڕووبار و دەریاچەکان، ئەمەش یارمەتی داوە لە دروستبوونی خۆڵبارینی بێ پـێشینە کە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر کار و گیانی ئێرانیـیەکان.
سێیەم، فریودان بووەتە ڕێبازی فەرمیـیانەی دەوڵەت. سوپای پاسداران پـڕۆپاگەندە و چاودێری بەکاردەهێنێت بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستیەی کە ڕژێمی ئێران سەروەت و سامانی ئێران بە تاڵان دەبات و میللەتەکەی دەچەوسێنێتەوە. دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ شاردنەوەی ڕاستیـیەکان هاوڵاتیانی خۆیان سەرکوت دەکەن و ڕێگەیان پێنادەن، بە ئازادانە کۆببنەوە، دەستیان بە زانیاریـیەکان بگات، هەلی یەکسانیان هەبێت.
سەرەڕای ئەو ستەمەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئێرانیـیەکان خەبات دەکەن لە پـێناو گەڕاندنەوەی مافەکانیان. چاویان لە ڕێـیە بۆ بەهاری پـڕ هیوا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ گەلی ئێرانە لە خواستەکانی بۆ پەیوەندیکردن بە جیهانی گەورە، وە حکومەتێکی بەرپـرسیان هەبێت کە بە ڕاستی خزمەتی بەرژەوەندیـیەکانی وڵاتەکە بکات.
بۆیە، وەزارەتی خەزینە ئەمڕۆ ڕێنمایی بڵاودەکاتەوە کە تیایدا دووپاتی دەکاتەوە ئەمەریکا پشتیوانی لە گەیشتنی ئازادانەی زانیاریـیەکان بۆ هاوڵاتیانی ئێران دەکات. بەڵێنیش دەدەین بەردەوام بین لەوەی سوپای پاسداران و ڕژێمی ئێران بهێڵینەوە لە ژێر بەرپـرسیارێتی بۆ ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانەی لە دەرەوە دەیکەن و هەروەها بۆ ئەو سەرکوتکردنەی بەرامبەر هاوڵاتیانی ئێرانی دەیکەن، ئەوانەی ناڕەزایی بەرامبەر ستەمکاری حکومەتەکەیان لە وڵاتەکەی دەردەبڕن.
بە ناوی خەڵکی ئەمەریکاوە، خوازیارم لەم ساڵە نوێـیەدا ڕووناکی بەسەر تاریکیدا زاڵببێت و خەڵکی ئێران بە زووترین کات بە ڕۆژێکی نوێی ئاشتی و پـڕشنکدار شادببێتەوە."
نەورۆزتان پـیرۆزبێت