سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند خاوەنکاری لوبنانی - ئەمەریکایی مەساد بولۆس هەڵدەبژێرێت بۆ خزمەتکردن وەکو ڕاوێژکاری باڵا بۆ کاروباری عەرەب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بولۆس خەزووری تیڤنی کچی ترامپە. ئەندامی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ بووە و کاری کردووە بۆ دەستکەوتنی دەنگی عەرەبە ئەمەریکاییەکان لە ویلایەتی میشیگن لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی عەرەبەکان لە وەڵامەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بۆ هێرشەکانی ئیسڕائیل دژی چەکدارەکان لە کەرتی غەززە و لوبنان ناڕازی بوون.
لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 دا ترامپ لەو ویلایەتە گرنگەدا شکستی هێنا بەرامبەر جۆو بایدن، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا سەرکەوتنی بە دەستهێنا.
ترامپ وتی " مەساد ڕێککەوتن دروست دەکات، هەروەها پشتیوانکارێکی جێگیرە لە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕاوێژکارێکی بەهێز دەبێت بۆ ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، منیش خۆشحاڵم بەوەی کە لە تیمەکەماندا بێت!"
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا