Accessibility links

ترامپ یاسادانەرێکی پێشوو وەکو وەزیری گواستنەوە دەستنیشان دەکات


شۆن دەفی
شۆن دەفی

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا شان دەفی ویسکانسن وەکو وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا دەستنیشان دەکات، لە ئێستادا دەفی پێشکەشکارێکە لە کەناڵی فۆکس نیوز.

ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوا دەفی سەرپەرشتی هۆکارەکانی گواستنەوەی ئاسمانی و ئوتومبێلەکان و هێڵە ئاسنینەکان و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە دەکات لە وەزارەتەکەدا کە بودجەکەی دەگاتە نزیکەی 110 ملیار دۆلار.

ترامپ بەڵێنیداوە یاساکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بۆ ئوتومبێلەکانی سوتەمەنی لاببات. وتوویەتی کە پلانی هەیە ڕێکارەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن لەو بارەیەوە هەڵبوەشێنێتەوە، ڕێکارەکانی بایدن بۆ ئەوەیە زیاتر پەرە بە ئوتومبێلی کارەبایی بدرێت.

دەفی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی گەورەی گواستنەوە دەبێتەوە.

لەم ساڵدا ژمارەی حاڵەتەکانی گیان لە دەستدان لە ڕووداوەکانی هاتووچۆدا لە ئەمەریکا کەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا زۆر زیاترە لە ئاستەکانی پێش ڤایرۆسی کۆرۆنا. حاڵەتەکانی گیان لە دەستدان بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە لە ساڵی 2008 ەوە تاوەکو ئێستا لە بەرزترین ڕێژەدایە. ڕووبەڕووی فشاریش دەبێتەوە بۆ کەمکردنەوەی یاساکان بۆ ئەو ئوتومبێلانەی کە بێ شۆفێرن و لەلایەن تێسلا و کۆمپانیاکانی دیکەی دروستکردنی ئوتومبێلەوە دروست دەکرێن.

ترامپ وتی دەفی کاری پێشینە دەدات بە " باشترین و لێهاتوویی و توانای کێبڕکێ و جوانی کاتێک دووبارە ڕێگا خێراکانی ئەمەریکا و تونێلەکان و پردەکان و فڕۆکەخانەکان بونیاد دەنێتەوە. دڵنیا دەبێتەوە لەوەی بەندەر و بەنداوەکانمان لە خزمەت ئابوورییەکەماندا بن بەبێ ئەوەی ئاسایشی نیشتیمانیمان بخەینە مەترسییەوە."

دەفی ئەگەر پەسەند بکرێت ئەوا سەرپەرشتی باشکردنی فڕۆکەکانی بۆینگ و بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵ دەکات. هەروەها بەرپرسیش دەبێت لەو کۆمپانیایانەی کە ئیلۆن مەسکی هاوپەیمانی ترامپ بەڕێوەیان دەبات.

بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵ داوای کردووە غەرامەی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی مەسک بکرێت لەسەر پێشێلکردنی یاساکانی مۆڵەت وەرگرتن. مەسک داوای دەست لە کارکێشانەوەی بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی فیدڕاڵ مایک وایتەیکەر کردووە.

کەمی کارمەندانی کۆنتڕۆڵ لە فڕۆکەخانەکان بووەتە هۆی دواکەوتنی گەشتەکان و لە زۆر فڕۆکەخانەدا ڕووداوێکی زۆر هەبوون کە تێیاندا فڕۆکەکان نزیک بوون لە بەیەکدادان، هەموو ئەمانەش نیگەرانییان لەسەر پارێزراویی دروست کردووە.

کۆنگرێسیش بیری لە چاکسازییەکی گەورە کردووەتەوە لە پارێزراویی هێڵە ئاسنینەکاندا، ئەوەش دوای ڕووداوەکەی مانگی دووی ساڵی 2023 کە شەمەندەفەری نۆرفۆڵکی باشوور لە ئۆهایۆ لەسەر هێڵەکەی لایدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG