Accessibility links

ترامپ لە کۆنگرەی کۆمارییەکاندا باس لە هەوڵی کوشتنی دەکات و پاشان لە وتارە دوورودرێژەکەیدا لە تەوەری یەکگرتوویی دوور دەکەوێتەوە


ڕۆژی پێنجشەممە دانۆڵد ترامپ لە کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکاندا دەستنیشانکردنی وەکو بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەند کرد، ئەمەش لە وتارێکدا کە بە وردەکارییەوە باس لە هەوڵی کوشتنی دەکات و دەڵێت دەکرا بمردایە، تەنها پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی کارنامەکەی بخاتەڕوو، بە تایبەتی لەسەر کۆچ.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی تەمەن 78 ساڵ بە قسەکردنە توند و شەڕانگێزەکانی ناسراوە، وتاری پەسەندکردنی بەربژێرییەکەی بە پەیامێکی نەرمتر و تایبەت دەستپێکرد کە ڕاستەوخۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەکەی لەگەڵ مەرگدا سەرچاوەی گرتبوو. سات بە سات جەماوەرەکە بە بێدەنگی گوێیان دەگرت، ترامپ باسی لەوە کرد کە لەسەر سەکۆکە لە شاری بەتلەر لە ویلایەتی پێنسلڤانیا وەستاوە و سەری سوڕاندووە بۆ ئەوەی سەیری هێڵکارییەک بکات کە نمایشکراوە کاتێک هەستی کرد شتێک بەر گوێی کەوتووە. دەستی بەرز کردەوە بۆ سەر سەری و یەکسەر بینی کە بە خوێن داپۆشراوە.

ترامپ وتی " ئەگەر لەو ساتەدا سەرم نەجووڵاندایە ئەوا فیشەکی کوشتنەکە زۆر بە باشی لە ئامانجەکەی دەدا، ئەمشەو لێرە نەدەبووم. پێکەوە نەدەبووین."

وتارەکەی ترامپ، کە دوورودرێژترین وتار بووە لە کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکاندا لە مێژووی نوێدا کە کەمتر لە 93 خولەکی خایاند، لوتکە و کۆتایی کۆنگرەکە چوار ڕۆژەییەکەی کۆمارییەکان بوو کە هەزاران چالاکەوانی پارێزگار و بەرپرسانی هەڵبژێردراوی ڕاکێشا بۆ ویلایەتی ویسکۆنسن، لە کاتێکدا کە دەنگدەران هەڵبژاردنێک هەڵدەسەنگێنن کە لە ئێستادا لە نێوان دوو بەربژێردایە.

ترامپ هەستی بەو دەرفەتە سیاسییە کردووە لە نێوەندی هەوڵەکەدا بۆ کوشتنی و نزیکبوونەوەی لە مەرگ، ترامپی کۆماری بە تۆنێکی دیکەی جیاواز لە کاتی ئاسایی قسەی کرد کە هیوادارە یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی زەبرێکی زیاتر لە هەڵبژاردنێکدا کە پێدەچێت لە بەرژەوەندی ئەودا بێت.

وتی " دەبێت ناتەبایی و دووبەرەکی لە وڵاتەکەماندا چاک بکرێنەوە. دەبێت بە خێرایی چاکی بکەینەوە. وەکو ئەمەریکاییەکان، ئێمە بە یەک باوەڕ و یەک چارەنووسی هاوبەشەوە پێکەوە بەستراوینەتەوە. پێکەوە هەڵدەستین، یاخود پێکەوە دەکەوین. من خۆم هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ببمە سەرۆکی هەموو ئەمەریکا، نەک نیوەی ئەمەریکا، چونکە هیچ سەرکەوتنێک نیە لە بردنەوەی نیوەی ئەمەریکادا."

لە کاتێکدا کە بە تۆنێکی نەرمتر قسەی کرد بەبەراورد لەگەڵ گردبوونەوە ئاساییەکانی دیکەیدا، ترامپ کارنامەیەکیشی خستەڕوو کە خۆی دەڵێت گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ڕەوانەکردنەوە دەبێت لە مێژووی ئەمەریکادا. ترامپ چەندین جار ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک دەبەزێنن بە تۆمەتی " داگیرکاری " تۆمەتباری کردوون، بە کورتی باسی لە گومرگی نوێی سەر بازرگانی و سیاسەتێکی دەرەوەی لەسەر بنەمای " ئەمەریکا یەکەمجار " کرد.

ترامپ بە هەڵەش ئاماژەی بەوەدا کە دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا ساختەکارییان کردووە، ترامپ لەو هەڵبژاردنەدا شکستی هێنا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئاستی فیدڕاڵی و ویلایەت سەلماندییان کە هیچ ساختەکارییەک لەو هەڵبژاردنانەدا نەبووە. ترامپ وتی " نابێت ناکۆکی بە تاوان بزانین یان ناکۆی سیاسیی بە شەیتانی بکەین." ئەمەش تەنانەت لە کاتێکدا کە ترامپ خۆی لە مێژە داوای لێپێچینەوەی یاسایی کردووە لە ڕکابەرەکانی.

ترامپ لە وتارەکەیدا باسی لە مافەکانی لە باربردن نەکرد، پرسێک کە کۆمارییەکانی توشی شۆک کردووە لەو کاتەوەی کە دادگای باڵای ئەمەریکا دوو ساڵ لەمەوپێش مافێکی لە باربردنی منداڵی ڕەت کردەوە کە لەسەر ئاستی فیدڕاڵ گرەنتی لەسەر دراوە. ترامپ سێ دادوەری لەو شەش دادوەرەی دادگای باڵای ئەمەریکای دەستنیشان کردووە کە یاسای ڕۆو ڤی وەیدییان هەڵوەشاندەوە. ترامپ لە گردبوونەوەکانیدا زۆرجار شانازی بە خۆیەوە دەکات لە هەڵوەشاندنەوەی ڕۆی ڤی وەید و دەڵێت دەبێت ویلایەتەکان مافی ئەوەیان هەبێت خۆیان بە تەنها یاساکانی لە باربردنی منداڵ بۆ خۆیان دیاری بکەن، دەڵێت نابێت یاسای لە باربردن فیدڕاڵی بێت.

هەروەها باسی لە هێرشەکەی سەر بینای کاپیتۆڵی ئەمەریکا نەکرد لە 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 دا، کە تێیدا لایەنگرانی ترامپ هەوڵی ڕاگرتنی شکستەکەی ترامپییاندا بەرامبەر جۆو بایدنی دیموکرات. ترامپ لەو کاتەوە ئەو کەسانەی کە بەشداربوون لەو هێرشەدا و زیندانی کراون بە " بارمتە " ناودەبات.

بێگومان ترامپ زۆر کەم باسی بایدنی کرد، زۆرجار وەکو " بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێستا " ئاماژەی پێدا.

کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکان لە ساتێکی نادیاری کێبڕکێکەدا تەواو دەبێت

لە کاتێکدا کە کەمتر لە چوار مانگ ماوە بۆ کێبڕکێکە، ئەگەری هەیە گۆڕانکاری گەورە لە کێبڕکێکەدا ڕووبدەن.

دەرکەوتنی ترامپ لە کاتێکدایە کە بایدنی تەمەن 81 ساڵی بەربژێری دیموکراتەکان خۆی هەڵواسیوە بەوەوە کە وەکو کاندیدی دیموکراتەکان بمێنێتەوە، لە کاتێکدا کە کاندیدبوونەکەی لەژێر فشاری ئەندامانی باڵای دیموکراتەکانی کۆنگرێس و بەخشەران و تەنانەت سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباماشدایە، کە لەوە دەترسێت بایدن ڕەنگە نەتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێتەوە، ئەوەش دوای مشتومڕە خراپەکەی بەرامبەر ترامپ.

دەمێکەیە دیموکراتەکان فشارییان کردووە تاوەکو بایدن لە هەلمەتی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر دەربکەوێت هەڵمەتێکی بەهێزتر بکات، بایدن لە جیاتی ئەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە دیلاوێر ماوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

نمایشی هونەرمەند کید ڕۆک لە دەمی کۆنگرەی نیشمانی کۆمارییەکان
نمایشی هونەرمەند کید ڕۆک لە دەمی کۆنگرەی نیشمانی کۆمارییەکان


جێگری بەڕێوبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بایدن، کوینتن فوڵکس وتی بایدن دەستبەرداری کێبڕکێکە نابێت.

وتی " نامەوێت خراپ بم، بەڵام نازانم چەند جاری تر دەتوانم وەڵامی ئەوە بدەمەوە. هیچ پلانێک نیە بۆ جێگرتنەوەی بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا."

بەهێزیی لە پڕۆگرامەکەدا:

پڕۆگرامی ڕۆژی پێنجشەممەی کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکان وادیاربوو کە هێز و بازوو پیشان بدات لە لۆمەکردنێکی ناڕاستەوخۆی بایدندا.

سەرۆکی پاڵەوانێتی کۆتایی دانا وایت ترامپی بە " پیاوێکی ڕاستەقینەی ئەمەریکایی " ناوبرد. کید ڕۆک گۆرانییەکی بە کۆڕسی " شەڕ بکە، شەڕ بکە! " پێشکەش کرد، کە دەنگدانەوەی ئەو وشەیە بوو کە ترامپ لەسەر سەکۆکە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا دەیوتەوە، کاتێک بریکارەکانی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت یارمەتییان دەدا لە سەر سەکۆکە. هەروەها هالک هۆگنی هێمای زۆرانبازی سەرۆکی پێشووی بە " پاڵەوانێکی ئەمەریکایی " ناوبرد.

هۆگن وتی " وەکو یاریزانێک، هەوڵ دەدەم لە سیاسەت بە دووربم. چیتر ناتوانم بێدەنگ بم." هۆگن لەسەر سەکۆکە کراسەکەی دڕاند و لە ژێرەوە تیشێرتێکی " Make America Great Again " ی ترامپ – ڤانسی لەبەردابوو و پیشانیدا.

هاڵک هۆگن، لە کۆنگرەی نیشمانی کۆمارییەکان
هاڵک هۆگن، لە کۆنگرەی نیشمانی کۆمارییەکان


هاوشێوەی زۆرێک لە قسەکەرەکان لە کۆنگرەکەدا، پێشکەشکاری پێشووی فۆکس نیوز تەکەر کارڵسن وتی ڕووداوەکانی ئەمدواییانەدا سروشبەخشی خودایی بوون و پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئایا " شتێکی گەورەتر ڕوودەدات یان نا."

کارڵسن سەبارەت بە تەقەکردنەکە لە ترامپ وتی " پێم وایە ئەوە ئەوی گۆڕی." هەروەها ستایشی ترامپی کرد لەسەر ئەوەی کە دوای ڕووداوەکە توڕەبوونی خۆی پیشان نەداوە.

وتی " ئەو باشترینی کرد بۆ یەکخستنەوەی وڵاتەکە. ئەمە باشترین ڕەفتاری بەرپرسانە و یەکخەرەوەی سەرکردەیەکە کە تاوەکو ئێستا بینیبێتم."

خانمی یەکەمی پێشوو میلانیا ترامپ و ئیڤانکا ترامپی کچە گەورەی ترامپ و ڕاوێژکاری پێشووی ترامپ ئامادەی کۆنگرەکە بوون پێش وتارەکەی ترامپ، هیچ کامێکییان قسەیان نەکرد.

بەپێی پڕۆژە سەرۆکایەتی ئەمەریکای زانکۆی کالیفۆرنیا، سانتا باربەرا، لە نزیکەی 93 خولەکدا، ترامپ 74 خولەکی وتارەکەی باسی لە هەشت ساڵ لەمەوبەر دەکرد.

کۆمارییەکان بە یەکگرتوویی کۆنگرەکە جێدەهێڵن

کۆنگرەکە پارتێکی کۆمارییەکانی پیشاندا کە لەلایەن ترامپەوە لە قاڵب دراوەتەوە لەو کاتەوەی کە دامەزراوەی پارتی کۆمارییەکانی تووشی شۆک کرد و لە ڕێگەی کاندیدکردنییەوە لەلایەن پارتەکەیەوە لە ساڵی 2016 دا خەڵکە سەرەکییەکەی پارتەکەی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە. ئەو ڕکابەرانەی کە ترامپ سەرکەوتنی هێناوە بەسەرییاندا لەوانەش سیناتۆر تێد کروزی تێکساس و مارکۆ ڕوبیۆی فلۆریدا و باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی و ڕۆن دیسانتیسی سەرۆکی ویلایەتی فلۆریدا - ڕەخنەکانی ڕابردوویان دژی ترامپ وەلا ناوە و پشتگیریی خۆیان بۆ ترامپ دەربڕیوە.

بەربژێری کۆمارییەکان بۆ جێگری سەرۆک، جی دی ڤانس و ئوشا ڤانسی هاسەری لە چوارەم ڕۆژی کۆنگرەی کۆمارییەکان لە ملواکی، 18ی حەوتی 2024
بەربژێری کۆمارییەکان بۆ جێگری سەرۆک، جی دی ڤانس و ئوشا ڤانسی هاسەری لە چوارەم ڕۆژی کۆنگرەی کۆمارییەکان لە ملواکی، 18ی حەوتی 2024


تەنانەت سیناتۆر جەی دی ڤانس کە ترامپ وەکو جێگری خۆی هەڵیبژاردووە، ڕۆژێک لە ڕۆژان بە توندی ڕەخنەی لە ترامپ دەگرت و لە نامەیەکی تایبەتدا وتبووی ترامپ دەکرێت ببێت بە " هیتلەری ئەمەریکا."

لە دوای ڕووداوی تەقەکردنەکەوە لە ترامپ، سەنگێکی زۆر خرابووە سەر ئاسایشی کۆنگرەکە لە میڵواکی. بەڵام دوای نزیکەی چوار ڕۆژی تەواو، هیچ ڕووداوێکی مەترسیدار لە ناو هۆڵی کۆنگرەکە و دەرەوەشدا ڕووینەداوە.

پاسەوانی تایبەت بە پشتیوانی سەدان ئەفسەری جێبەجێکاری یاسا لە سەرانسەری وڵاتەکەوە، بوونێکی گەورەیان هەبوو. لە ماوەی دەرکەوتنی ترامپیشدا، ژمارەیەکی زۆر لە بریکارەکان دەورەی ترامپییان دابوو.

هاوکات ترامپ و هەڵمەتەکەی هیچ زانیارییەکییان نەداوە سەبارەت بە برینەکەی یاخود ئەو چارەسەرەی کە وەریگرتووە. ڕۆژی پێنجشەممە ترامپ باسی لە چیرۆکی ڕزگاربوونی کرد لە هێرشەکە، هەروەها بەڵێنیدا جارێکی دیکە باسی نەکاتەوە.

ترامپ بە هەزاران کەسی ناو هۆڵەکەی وت " من ئەمشەو نەدەبووایە لێرە بم." خەڵکەکەش هاواریییان دەکرد " بەڵێ وایە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG