Accessibility links

زێڵێنسکی و ترامپ ڕێکدەکەون لەسەر ئەوەی لەنزیکەوە کۆببنەوە و تاوتوێی ئاشتییەکی هەمیشەیی لەگەڵ ڕووسیا بکەن


دانۆڵد ترامپ هەفتەیەک دوای ڕزگاربوونی لە هەوڵێک بۆ کوشتنی، ڕۆژی هەینی لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێڵێنسکیدا کرد و بەڵێنیدا کۆتایی بە جەنگەکەی ئۆکرانیا بهێنێت لەگەڵ ڕووسیادا. ترامپ چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێت ئەوا بە خێرایی کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت.

ڕۆژی هەینی بەربژێری کۆمارییەکانی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێڵێنسکیدا کردووە، بەڵێنیداوە کۆتایی بە جەنگەکەی ئۆکرانیا بهێنێت لەگەڵ ڕووسیادا.

ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث وتی " سوپاسی سەرۆک زێڵێنسکی دەکەم لەسەر پەیوەندییەکەی، من وەکو سەرۆکی دواتری ئەمەریکا، ئاشتی دەهێنم بۆ جیهان و کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنم کە بووەتە هۆی مردنی خەڵکانێکی زۆر و ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکانی ڕووخاندووە."

وتیشی " هەردوولا دەتوانن پێکەوە کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێک بکەن کە کۆتایی بە توندوتیژییەکان دەهێنێت و ڕێگەیەک خۆش دەکات بەرەو پێشەوە بۆ خۆشگوزەرانی."

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا، ئەمەریکا بە بەهای دەیان ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە.

زێڵێنسکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی پشتڕاست کردەوە و پیرۆزبایی لە ترامپ کرد لەسەر ئەوەی بە فەڕمی بووە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، هەروەها هیوای باشی بۆ ترامپ خواست دوای ئەوەی هەفتەیەک لەمەوبەر هەوڵێک درا بۆ کوشتنی.

زێڵێنسکی وتی " لەگەڵ سەرۆک ترامپدا ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا تاوتوێی ئەوە بکەین ئەو هەنگاوانە چین کە دەکرێت بگیردرێنەبەر بۆ دروستکردنی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی."

وتیشی " ئاماژەم بە پشتیوانییە هەمەلایەنەکەی ئەمەریکا کرد بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و ئازادی وڵاتەکەمان."

ترامپ چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بە خێرایی کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت، بەڵام وردەکاری زیاتری نەداوە لەسەر ئەوەی چۆن ئەو کارە دەکات.

هەفتەی ڕابردوو ترامپ لە شوێنی مانەوەی خۆی لە فلۆریدا میوانداری سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان کرد، ئۆربان لەم مانگەدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆبووەوە.

ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکاندا لە میڵواکی وتی دەتوانێت کۆتایی بە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بهێنێت و دەتوانێت " لە ڕێی پەیوەندییە تەلەفونییەکانەوە جەنگەکان بوەستێنێت."

وتی " کۆتایی بە سەرجەم ئەو قەیرانە نێودەوڵەتییانە دەهێنم کە ئەم بەڕێوبەرایەتییەی ئێستا دروستی کردوون، بە جەنگە ترسناکەکەی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیاشەوە."

زێلێنسکی پێشتر لەم هەفتەیەدا وتی ئەگەر ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت ئەوا لەگەڵیدا کاردەکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG