Accessibility links

بەرنامەی هەلەو واشنتن: لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین


پاش ماوەیەکی درێژ لە ئاگاهی و هەڕەشەی تورکیا لە دژی هێزە کوردیـیەکانی سوریا، لەشکری تورکیا هێرشی خۆی بە دەیان تانک و تۆپ و زرێپـۆش و سەدان سەرباز و چەکداری ئۆپـۆزسیۆنی سوریای هاوپەیمانیان بۆ سەر عەفرین دەسـتپـێکرد.

تورکیا و لە زاری کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتەوە، دەڵێن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆیە جێی هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا. بەڵام لە بەرامبەردا کاربەدەستانی کوردی سوریا ئەو ئیدیعایەی تورکیا ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن بە هیچ شێوەیەک جێی هەڕەشە نەبوون بۆ سەر تورکیا و لە لایەن ئەوانەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر تورکیا، بەڵکو زۆر جار هێزەکانی تورکیا تەقەیان بە ئاڕاستەی ناوچەکانیان کردووە و خەڵکی سیڤیلی سوریایان لەسەر سنوورەکان ئازارداوە و تەنانەت لێشیان کوشتوون.

عەفرین بە درێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا هەتا ڕادەیەک ناوچەیەکی ئارامبووە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی سوریا، بەڵام ئێستا مەترسی هەیە ئەو ناوچەیەش وەک بەشێکی زۆری ناوچەکانی دیکەی سوریا وێرانببێت.

ئەوەی جێی سەرنجە لەم کاتەی خەڵکی چەند گوندێکی عەفرین ئاوارە و دەربەدەربوون و ژمارەیەکیان بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون، کەچی هەتا ئێستا ناڕەزایـیەکی ئەوتۆ لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نابینرێت.

وڵاتە زلهێزەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام هیچ کامیان داوای ڕاگرتنی هێرشەکەیان نەکردووە، بەڵکو تەنیا داوادەکەن هێرشەکە سنوورداربێت.

لە نێو ماڵی کوردیش بە هەمان شێوەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی توند لە بەرامبەر ئەنکەرە نابینرێت و تەنیا لە زاری چەند کاربەدەستێکەوە ناڕەزایی دەربڕێنراوە.

پـرسیار لێرەدا ئەوەیە:

ئایا کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتی لەو هێزە کوردیانە کرد کە هەتا ئەمڕۆش لە سوریا بەردەوامن لە شەڕی دژی داعش؟
هۆکار چیـیە بەشێکی زۆری پارتە کوردیـیەکان بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر هێرشەکە دەرنابڕن؟

ئەمە بابەتی بەرنامەی هەلەو واشنتنی ئەم هەینیـیە بوو کە حەیدەر کەریم لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەی برد و میوانەکان ئەم بەڕێزانە بوون:
دکتۆر کرمانج گوندی، پـرۆفیسۆر لە زانکۆی تێنسی ستەیت.
محییەدین پاڵانی، شارەزای سیاسی لە کەنەدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:36 0:00

XS
SM
MD
LG