لە چەندین پایتەخت و شارەکانی ئەوروپا و ئەمریکا خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین و ئیدانەکردنى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین بەڕێوەچوون.
کوردان لە وڵاتانى ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، سویسڕا، سوید، نەمسا، بەلجیکا، هۆڵەندا، ئیتالیا، فینلەندا و دانیمارک، بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
خۆپیشاندانەکان جگە لە چەندین شارى گەورەى ئەو وڵاتانە لە شارەکانى پاریس، کۆپنهاگ، تۆرۆنتۆ، بەرلین، کۆڵن، هامبورگ، هێلسنکى، برۆکسل، بێرن و واشنتۆن بەڕێووەچوون.
لە خۆپیشاندانەکاندا جگە لە پشتیوانیکردن لە عەفرین، هێرشەکانى تورکیا و بێدەنگیى حکومەتانى ڕۆژئاوا بە تایبەتى ئەمریکا و ڕووسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا ئیدانەکران.
ئەو خۆپیشاندانانە لەلایەن ڕێکخراوە کوردییەکانى ڕەوەندى کورد و دۆستانى کورد لە ئەوروپا و ئەمریکاوە ڕێکخرابوون.
هاوکات فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵ چەند رۆژێک بەرلەئێستا داوای کۆبونەوەی بە پەلەی پەرلەمانیان کردو دواتریش سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیش ئەمڕۆ ئەوانیش داوای کۆبونەوەیان کرد...
ئاشکرایە سوپاى تورکیا لە دواى 9 ڕۆژ لە تۆپبارانکردنى سنوورەکانى شەهبا و عەفرین لە هەرێمى عەفرینى ڕۆژئاواى کوردستان، ڕۆژی 20 ى کانوونی دووەمی 2018 هێرشى ئاسمانییان بە 72 فڕۆکە بۆ سەر 108 شوێن لەو هەرێمەدا دەستپێکرد و تا ئێستا بەردەوامیى هەیە. هێرشەکانى تورکیا لە عەفرین شەهیدبوونى 20 هاووڵاتى و برینداربوونى چەندین هاووڵاتیى ترى لێکەوتوەتەوە.
ئاسۆ جەبار بۆ بەدواداچوونی ئەنجامدانی کۆبوونەوە بە پەلەکەی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانتاری لیستی بزوتنەوەی گۆڕان عادل عەزیزدا وتوێژێکی سازکردووە..
عادل عەزیز دەڵێت "ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی یاداشتێکی بە پەلەمان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کردبوو کە بە پەلە کۆبونەوەیەک ئەنجام بدات سەبارەت بە عەفرین."
دەشڵێت "تورکیا هەموو چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش و بەرەی نوسڕەی کۆکردۆتەوە کە سەر بە تورکیان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە هەم بە هێزی ئاسمانی، هێزی زەمینی ئەرتەشی زۆر و تانک و تۆپ پەلاماری شاری عەفرین دەدات."
هاوکات سەبارەت بە رەتکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتەکەی ئاکەپە؛ عادل عەزیز دەڵێت "چەندینجار لەحکومەتی ئاکەپەوە داوەتی فەرمی رەوانشاد نەوشیروان موستەفا کراوە، ئەو داوەتانەی قبوڵ نەکردووەو پێی وتوون؛ لەبەرئەوەی ئێوە زوڵمێکی زۆر لەباکوری کوردستان دەکەن."
هاوکات دەڵێت "زۆر پێویستە لەهەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەکی رۆژئاوا بکات، چونکە ئەوان لە 16 ی ئۆکتۆبەردا کە باشوری کوردستان لەگەورەترین نەهامەتیدا بوو، هەر رۆژئاوا بوو هێزی بۆ کەرکوک نارد."
لەرێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە بن