وا ماوەی سێ هەفتەیە تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین و لە شەوی پـێنجشەممەوە جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگیـیەکانی تورکیا دەسـتیانکردووەتەوە بە بۆردومانکردنی ناوچە جیاجیاکانی ئەو هەرێمە کوردیـیە نیمچە گەمارۆدراوە.
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کانتۆنی عەفرین ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند هەتا ئێستا 160 کەسی سیڤیل بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە، لە نێویاندا 26 منداڵ و 17 ژن هەن، هەروەها 360 کەسی دیکە برینداربوون.
پاشان گوتیان زیانێکی زۆر بەر گوندەکانی سەرسنوور گەیشتووە و نزیکەی 60 هەزار کەس ئاوارەبوون.
بەرنامەی هەلەو واشنتنی ئەم هەینیـیە بۆ ئەم بابەتە تەرخان کرا و لە لایەن نەجیب باڵایی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بەڕێوەچوو و ئەم بەڕێزانە میوانەکان بوون:
دکتۆر نوری شێخ قەنبەر، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی لە عەفرین.
هۆزان عەفرینی، نوێنەری هاوپەیمانێتی نیشتمانی دیموکراتی سوریا لە شاری سلێمانی.