Accessibility links

تورکیا ئینستاگرام بلۆک دەکات


تورکیا ڕۆژی هەینی دەستڕاگەیشتنی بە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام قەدەغە کرد، بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بدات، ئەمەش دوای تۆمەتەکانی بەرپرسێکی باڵای تورکیا دژی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکە.

زۆرێک لە بەکارهێنەرانی ئینستاگرام لە تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گلەییان کرد لەوەی کە ناتوانن ئینستاگرام بەکاربهێنن، ئەم کێشەیەش لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێسەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

دەزگای تەکنەلۆجیاکانی زانیاری و ڕاگەیاندنی تورکیا BTK ڕۆژی هەینی لە ماڵپەڕەکەی خۆی ڕایگەیاند کە ئینستاگرامی سەر بە مێتا بلۆک کراوە.

هەرچەندە ئەم دەزگا حکومییەی تورکیا هۆکاری بلۆکردنەکەی نەخستەڕوو، بەڵام بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی سەرۆکی تورکیا، فەخرەدین ئاڵتون ڕۆژی چوارشەممە ئینستاگرامی بە سانسۆرکردن تۆمەتبارکرد، وتی " ئینستاگرام ڕێگری لە خەڵک دەکات پەیامەکانی پرسە و سەرەخۆشی بۆ شەهید هەنییە بڵاوبکەنەوە."

سەرکردەی سیاسی گروپی ئیسلامی حەماسی فەلەستینییەکان ئیسماعیل هەنییە کە هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو، ڕۆژی چوارشەممە لە تاران لە هێرشێکدا کوژرا، هێرشەکەش خراوەتە پاڵ ئیسڕائیل.

ئەردۆغان ڕۆژێکی ماتەمینی لە تورکیادا ڕاگەیاند، هەنییە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە گفتوگۆکاندا کە ئامانج لێیان کۆتایی هێنان بوو بە جەنگەکەی ناو غەززە.

ئاڵتون لە ئێکس نوسیویەتی " ئەمە هەوڵێکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە بۆ سانسۆرکردن."

سەرچاوەیەکی نەناسراوی دەسەڵاتی زانیاری و ڕاگەیاندنی تورکیا ڕەتی کردەوە هۆکاری بلۆککردنی ئینستاگرام ئەوە بووبێت کە ئینستاگرام ڕێگری لە خەڵکەکە کردبێت پۆست بکەن دەربارەی هەنییە، سەرچاوەکە بە ماڵپەڕی میدیاسکوپی وت بەهۆی " سوکایەتیکردنەوە بووە بە ئەتاتورک "، دامەزرێنەی تورکیای نوێ، هەروەها " تاوانەکانی وەکو یارییەکانی دەرمان و منداڵفرۆشی."

وتیشی ئینستاگرام ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر نەکات ئەوا دەکرێت هەتا هەتایە بلۆک بکرێت.

بەپێی میدیاکانی تورکیا، 50 ملیۆن کەس لە 85 ملیۆن دانیشتووەکەی تورکیا هەژماری ئینستاگرامییان هەیە.

شارەزای یاسای دیجیتاڵ یەمان ئەکدینیز وتی بڕیارەکە یان ئەوەتا لەلایەن ئۆفیسی سەرۆکایەتییەوە دراوە یاخود وەزارەتێکی حکومەت.

وتی دەسەڵاتی زانیاری و ڕاگەیاندنی تورکیا پێویستە ئەو بڕیارەی سەرەتا دادوەرێک پەسەندی بکات و پێناچێت دادوەرێکیش ئەو بڕیارە پەسەند بکات.

وتی " ئەو سانسۆرەی خراوەتە سەر ئینستاگرام هەڕەمەکییە و نە دەتوانرێت ڕوون بکرێتەوە و نە دەتوانرێت پاساویشی بۆ بهێندرێتەوە."

بڕیاری ڕاگرتنی ئینستاگرام لە کاتژمێر 3 ی بەیانی ڕۆژی هەینی، بووە هۆی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەکو ئێکس گاڵتەی پێبکرێت.

پڕۆفیسۆری ئای تی چەم سای وتی " کاری دەسەڵاتی زانیاری و ڕاگەیاندنی تورکیا پچڕاندنی ئینتەرنێت نیە بەڵکو خێراکردنی ئینتەرنێتە." وتیشی تورکیا لە ڕیزبەندی خێراترین ئینتەرنێتەکان لە جیهاندا لە پلەی 111 دایە.

ئەمە یەکەمین جار نیە کاربەدەستانی تورکیا بۆ ماوەیەکی کاتی دەستڕاگەیشتنییان بە ماڵپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگرتبێت، بە دیاریکراویی لە دوای هێرشەکانەوە.

لە مانگی چواری ساڵی 2017 ەوە تاوەکو مانگی یەکی ساڵی 2020 تورکیا ویکیپیدیای بلۆک کرد، ئەوەش لەسەر نوسراوێک کە باسی لەوە دەکرد گوایە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان توندڕەویی و سەرۆکایەتیدا.

سەرەڕای ئەوەی حکومەتەکەی ئەردۆغان زۆرجار بە تۆمەتی سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین تۆمەتبار کراوە، هەنگاوەکەیان بۆ بلۆککردنی ویکیپیدیا خەڵکەکەی توشی شۆک کرد، چونکە نە دەتوانرا دەست بگات بە بڕێکی زۆر لە زانیارییەکان لە ئۆنلاین.

لە مانگی چواردا مێتای خاوەنی فەیسبووک تۆڕی کۆمەڵایەتی ثرێدزی لە تورکیا نەهێشت، ئەوەش دوابەدوای بڕیارێکی کاربەدەستانی تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە ثرێدز لە هاوبەشیکردنی زانیارییەکان لەگەڵ ئینستاگرامدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG