Accessibility links

تورکیا داوا لە دانیمارک دەکات دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سوتاندنی قورئان


وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان

سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان داوای لە دانیمارک کردووە دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سوتاندنی قورئان.

سەرچاوەکە وتی " لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا دانیمارکییەکەی لارس لۆکی ڕاسموسندا، فیدان سەرکۆنەی هێرشە بێمانا بەردەوامەکانی دژ بە قورئان کردووە. بە ڕاسموسنی وتووە جێی قبوڵکردن نییە ڕێگەی ئەو جۆرە کارانە بدرێت لە ژێر بەرگی ئازادی ڕادەربڕیندا."

ڕۆژی شەممە ڕاسموسن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە پێشتر بە تویتەر ناسرابوو نوسیویەتی " تورکیا و دانیمارک هاوپەیمانی نزیکی یەکترن. گرنگە ڕێگە نەدرێت ئەم جۆرە کارانە سەرکەوتوو بن لە دروستکردنی دووبەرەکیدا." هەروەها جەختی لەوە کردەوە " دانیمارک بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارە وروژێنەرانە دەکات کە لەلایەن چەند تاکێکی کەمەوە ئەنجام دەدرێن."

لێدوانەکان دوای ئەوە بوون گروپێکی کەمی چالاکەوانانی دژ بە ئیسلام ڕۆژی سێشەممە لەبەردەم باڵیۆزخانەکانی میسڕ و تورکیادا لە کۆپنهاگن قورئانییان سوتاند.

دانیمارک و سوید سەرکۆنەی سوتاندنی قورئانی پیرۆزییان کردووە، بەڵام دەڵێن ناتوانن بەپێی یاساکانی پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین ڕێگری لێبکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG