Accessibility links

گریانی پـیاوێک لە تورکیا بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری نیگەرانی لێدەکەوێتەوە


پـیاوێکی خانەنشین لە تورکیا بە گریانەوە باس لە ئاستی خراپی ژیانی دەکات وە بەسەرهاتەکەی دەبێتە باسی میدیاکان و بابەتی ڕۆژی خەڵکی وڵاتەکەی.

ئیسماعیل ئیرۆغڵو قسەی بۆ کەناڵی فۆکسی تورکی کردبوو و وتبووی موچەی خانەنشینیـیەکەی 1500 لیرەیە و بەشی ژیانەکەی ناکات، بۆیە چووە کارێکی لە کارگەیەک دەستبکەوێت، بەڵام لەوێ لە بەردەم دەرگای کارگەکەدا بینیویەتی وردە نان دەفرۆشن، ئەویش بە شەرمەوە کڕیویەتی و وتوویەتی بۆ مریشکمە. ئیسماعیل لە نیوەی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەی دەستدەکات بە گریان و دەڵێت خۆم و هاوسەرەکەم چووینە لاوە و وردە نانەکەمان خواردووە.

ئەو پارچە ڤیدیۆیە بە میدیاکانی ناو تورکیا بڵاوبووەتەوە و خەڵکێکی زۆری بێزارکردووە.

بەهای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی بێ پـێشینە شکاوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ژیان و گوزەرانی خەڵکی تورکیا قورستر دەبێت.

چاوێران پـێیان وایە هەوڵەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ باشکردنی پەیوەندیـیەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە پـێناو ڕزگارکردنی ئابوری وڵاتەکەی بێت.

ئەمڕۆش دووشەممە، ئەردۆغان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دۆحەی پایتەختی قەتەر و بەنیازە وڵاتەکەی 12 ڕێکەوتننامە لەگەڵ قەتەردا واژوبکات.

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بوژاندنەوەی ئابوری تورکیا، هەفتەی ڕابردوو لوتفی ئەلوان وەزیری دارایی تورکیا دەستی لە کارەکەی کێشایەوە و ئەردۆغان نورەدین نەباتی خستە شوێنەکەی.

XS
SM
MD
LG