Accessibility links

سی ئێن ئێن تورک: ڕۆژنامەنووسێکی تورک لەسەر سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان دەستگیرکرا


ئەردۆغان و کاباس
ئەردۆغان و کاباس

سی ئێن ئێن تورک دەڵێت دادگایەکی تورکی فەرمانیکردووە ڕۆژنامەنووسی ناسراو سەدیف کاباس بخرێتە زیندانەوە و چاوەڕێی دادگاییکردنەکەی بێت، ئەوەش بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دەیان هەزاران کەسی دیکەش لەژێر هەمان یاسادا خراونەتە زیندانەوە.

سی ئێن ئێن تورک وتی کاتژمێر 2 ی بەیانی پۆلیس کاباسی دەستبەسەرکردووە و سەرەتا بردوویانە بۆ بنکەی سەرەکی پۆلیسی ئیستەنبوڵ و دواتر گواستراوەتەوە بۆ دادگای سەرەکی شارەکە، دادگاکەش فەرمانی کردووە دەستگیربکرێت.

گوایە سوکایەتیکردنەکەی کاباس لەڕێی پەندێکەوە بووبێت کە باس لە کۆشک دەکات و لە کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆن و هەژمارە تایبەتیەکەی خۆشیەوە لە تویتەر بڵاویکردۆتەوە، ئەمەش بووە ئەوەی بەرپرسانی حکومەتی تورکیا سەرکۆنەی بکەن.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییەکانی تورکیا فەهرەتین ئاڵتون لە تویتەر نوسیویەتی " سەربەرزیی ئۆفیسی سەرۆکایەتی سەربەرزیی وڵاتەکەمانە. سەرکۆنەی سوکایەتیەکان دژی سەرۆک و ئۆفیسەکەی دەکەم."

مەردان یەناردەگی بەڕێوبەری سەرنوسەری کەناڵی تێلێ 1، هەمان ئەو کەناڵەی کە کاباس پەندەکەی تیادا وت، بە توندی ڕەخنەی لە دەستگیرکردنی کاباس گرت.

یەناردەگ وتی " دەستگیرکردنی لە 2 ی بەیانیدا لەسەر پەندێک جێی قبوڵکردن نیە. ئەم کارە هەوڵێکە بۆ تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەش."

سوکایەتیکردن بە سەرۆکی تورکیا یاسایەکی بۆ داندراوە و بەپێی یاساکە سزاکەی لە ساڵێکەوە بۆ چوار ساڵ زیندانیە.

لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا دادگای باڵای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە تورکیا کرد یاساکە بگۆڕێت، ئەوەش دوای ئەوەی ڕایگەیاند دەستگیرکردنی کەسێک بەو یاسایە پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕینی کەسەکەیە.

لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا هەزاران کەس بەهۆی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغانەوە سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە ساڵی 2020 دا 31,297 لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو تۆمەتە ئەنجامدراون، 7,790 حاڵەت هەبوون و 3,325 حاڵەتیان تۆمەتبارکراون.

لە ساڵی 2014 ەوە دوای ئەوەی ئەردۆغان بووە سەرۆکی تورکیا، 160,169 لێکۆڵینەوە سەبارەت بە سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان ئەنجامدراون، 35,507 حاڵەت هەبوون و 12,881 حاڵەتیان تۆمەتبارکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG