سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی تورکیا پێشبینی لە وڵاتانی بیانی دەکات پشتیوانییەکانییان بۆ هێزە کوردییەکانی ناو سوریا بکشێننەوە دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، ئەمە لە کاتێکدا کە تورکیا هەوڵ دەدات ئەو کوردانە پەراوێز بخات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و شان بە شانی ئەمەریکا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە لە ناوبردنی خەلافەتی داعشدا لە سوریا.
دواتر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا وتی هێزە کوردییەکان دەبێت چەک دابنێن و بچنە سەر پێکهاتەی ئاسایشی نیشتیمانی سوریا، دیبلۆماتکاری باڵای ئەمەریکاش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی ئەمەریکا کاردەکات لەسەر " گۆڕانێکی گونجاو " بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات.
ئەردۆغان وتی چیتر هیچ هۆکارێک نیە بۆ ئەوەی بیانییەکان پشتیوانی لە هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد بکەن کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات.
هێزەکانی پاراستنی گەلی کورد یاخود یەپەگە، هێزی سەرەکی بوون لە هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکەی دژ بە داعشدا، بەڵام تورکیا دەڵێت بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە دەیان ساڵە لەگەڵیدا شەڕ دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا تورکیاییەکەیدا لە ئەنکەرە وتی ئاسایشی کوردەکان زۆر گرنگە بۆ سوریایەکی ئازاد، بەڵام نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیاش دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
وتی " گروپە کوردییەکان دەبێت چەک دابنێن و بچنە نێو پێکهاتەی ئاسایشی نیشتیمانی سوریاوە."
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک باربەرا لیف ڕۆژی هەینی دوای سەردانەکەی بۆ دیمەشق وتی ئەمەریکا لەگەڵ تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا کاردەکات بۆ دۆزینەوەی " گۆڕانێکی گونجاو سەبارەت بە ڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەو بەشەی وڵاتەکەدا."
لیف وتی " ئەو هەلومەرجەی کە بووە هۆی ئەوەی کوردەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆیان ڕێکبخەنەوە و بەرگری لە خۆیان بکەن وەکو چۆن کردییان، چەند هەلومەرجێک بوون پێکەوە کە بە ڕاستی بە شێوەیەکی زۆر دراماتیکی گۆڕان."
ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا وتی 2000 سەربازیی لە سوریادا هەیە کە شان بە شانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کاردەکەن. هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعش لە 2014-2017 دا بە پشتیوانی ئاسمانی ئەمەریکا، هەروەها هێشتا پاسەوانی کامپی زیندانەکان دەکەن کە هەزاران چەکداری داعشییان تێدا زیندانی کراوە.
ئەنکەرە لەگەڵ گروپە چەکدارییەکانی ناو سوریادا چەندین جار هێرشییان کردووەتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی یەپەگە لە باکووری سوریادا، بەردەوامیش داوای لە ئەمەریکا کردووە پشتیوانییەکان بۆ ئەو هێزانە ڕابگرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز