Accessibility links

ئەردۆغان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بەهاکانی سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە لە نەماندان


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتارێکیدا و سەنگی خستە سەر جەنگەکەی ناو غەززە و وتی " بەهاکانی سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە لە نەماندان چونکە جەنگەکە لەوێ بەردەوامە." هەروەها داوای " هاوپەیمانییەکی مرۆیی " کرد بۆ ڕاگرتنی ئیسڕائیل.

ئەردۆغان وتی " حکومەتی ئیسڕائیل مافە سەرەتاییە مرۆییەکانی پشتگوێ خستووە و هەر دەرفەتێکی بێتە بەردەست یاری لەسەر یاسای نێودەوڵەتی دەکات."

وتیشی " فەلەستینییەکان کە ئازادی و سەربەخۆییان و مافە هەرە سەرەتاییەکانیان نەماوە مافی ڕەوای خۆیانە بەرهەڵستی بکەن دژی ئەم داگیرکاریی و پاکتاوی ڕەگەزییە."

هەروەها وتی " دەبێت دەستبەجێ ئاگربەستێک ڕابگەیەندرێت. بارمتەکان و زیندانییەکان دەبێت ئاڵوگۆڕ بکرێن، یارمەتییە مرۆییەکانیش دەبێت بەبێ هیچ بەربەست و کۆسپێک بگەیەندرێنە غەززە."

سەبارەت بە شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنانیش وتی " ئێمە لە پاڵ گەلی لوبنان و حکومەتی لوبناندا دەوەستین. دەتوانین ڕاستییەکە وەکو خۆی ببینین."

لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان لە مانهاتنی نیویۆرک کۆبوونەوە، فەڕەنسای ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد لەسەر ئەو قەیرانانەی کە گڕییان بەرداوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کاتێکدا کە ژمارەی کوژراوەکان لە لوبنان زیاتر بوون، سەنگەکە لەسەر دۆخەکەی ناو غەززە لاچوو، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵیش هۆشداریدا و وتی " ئێمە خەریکە دەچینە جەنگێکی تەواو بەرفراوانەوە."

ئەمەریکای نزیکترین هاوپەیمانی ئیسڕائیل هۆشداریداوە دژی لەشکرکێشییەکی فراوانی ئیسڕائیل بۆ ناو لوبنان، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاش بەڵێنیدا لەم هەفتەیەدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بیرۆکەی " بەرجەستە " بخەنەڕوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە پاش ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی مانگی 10 حەماس هێرشێکی بێپێشینەی کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 ئیسڕائیلیش بە بارمتە گیران.

بەهۆی جەنگەکەی ناو غەززەوە بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینی دەڵێن زیاتر لە 40,000 فەلەستینی کوژراون و سەدان هەزاران فەلەستینیش چەندین جار ئاوارەبوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG