حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند سوورە لەسەر ئەوەی بەردەوام بێت لە هەوڵەکانیدا بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا سەرەڕای ئەو گرژییانەی هەیەتی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا، ئەمەش پێش کۆبوونەوە لوتکەکەی یەکێتی ئەوروپا دێت و تیایدا باس لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەنقەرە و بڕۆکسل دەکرێت.
ڕەخنەکانی یەکێتی ئەوروپا لە تورکیا زیاتر بوون بەتایبەتی لەلایەن ئەڵمانیاوە کە قوورساییەکی خۆی هەیە لە یەکێتییەکەدا، ئەم زیادبوونی ڕەخنانەش دوای ئەوە دێن کە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بڕیاریدا کەمپینێکی دەستگیرکردن ڕابگەیەنێت بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ڕەخنەی لێدەگرن و لەوانەش ڕۆژنامەنووس و مامۆستایانی تێدایە.
لە مانگی سێدا ئەردۆگان بەرلینی بەوە تۆمەتبار کرد کە ڕەفتاری نازی پیشان دەدات کاتێک ئەڵمانیا ڕێگەی نەدا وەزیرەکانی تورکیا لە گردبوونەوە جەماوەرییە تورکییەکاندا لە ئەڵمانیا قسە بکەن. ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵیش وتی ئاشکرایە کە تورکیا نابێت ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا و دەبێت دانوستاندنەکانی هاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ یەکێتی ئەوروپا بوەستێنرێن، سەرەڕای ئەوەی تورکیا وەکو ئەڵمانیا ئەندامی ناتۆیە.
دەزگای هەواڵی ئەنازۆڵی فەڕمی لە بەکر بۆزداجی جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا و وتەبێژی حکومەتەوە بڵاویکردەوە " ئایا هیچ وڵاتێکی تر هەیە لە ساڵی 1963ەوە چاوەڕێ بکات ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا؟، نیە."
وتیشی ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی بەردەوام بین لە هەوڵەکانمان سەرەڕای هەموو شکستەکان. ئێمە وەکو تورکیا هیچ نیازێکمان نیە بکشێینەوە.
دانوستاندنەکانی تورکیا بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وەستا دوای ئەوەی کەمپینی دەستگیرکردنی هاوڵاتیان دەستی پێکرد لەلایەن ئەنقەرەوە و زیاتر لە 50 هەزار کەس زیندانی کراون و چاوەڕوانی دادگاییەکانیان و دەوترێتیش 150 هەزار کەسی دیکەش لە سوپا و کەرتی تایبەت و گشتیدا لە کار لابراون.
وا بڕیارە سەرکردایەتی یەکێتی ئەوروپا لە 19ی مانگی ئۆکتۆبەردا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵۆزییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا و دوو ڕۆژ دەخایەنێت. مێرکڵیش وتوویەتی کۆبوونەوەکە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لێناکەوێتەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز