Accessibility links

سەرچاوەکان: تورکیا بە نیازە پێش هەڵبژاردنەکان داواکەی فینلەندا بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ پەسەند بکات


دوو بەرپرسی تورکی بە ڕۆیتەرزییان وت " ئەگەرێکی زۆر هەیە " پەرلەمانی تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی چواردا داواکەی فینلەندا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ پەسەند بکات، ئەمەش ڕۆژێک پێش ئەوەی سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ سەردانی وڵاتەکە بکات.

ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، سوید و فینلەندا پێکەوە بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام لەلایەن تورکیاوە دژایەتی کران. ئەنکەرە دەڵێت سوید داڵدەی " ئەندامانی گروپە تیرۆریستییەکان " دەدات، سویدیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

بۆ ئەوەی وڵاتێک ببێتە ئەندام لە ناتۆدا، پەرلەمانەکانی سەرجەم 30 وڵاتەکەی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت داواکەی پەسەند بکەن. تورکیا و هەنگاریا تەنها ئەندامن کە تاوەکو ئێستا گڵۆپی سەوزییان بۆ ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆ دانەگیرساندووە.

بەرپرسێکی باڵای تورکیا بە ڕۆیتەرزی وت داواکەی فینلەندا بە جیا لەوەی سوید پەسەند دەکرێت.

بەرپرسێکی دیکە کە ئاگاداری بابەتەکەیە وتی هەوڵەکانی فینلەندا سەبارەت بە گروپە تیرۆریستییەکان گونجاو بوون لەگەڵ نیگەرانییەکانی تورکیادا و هێلسینکی لەوبارەیەوە ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر.

بەرپرسەکە وتی " ئەگەرێکی زۆری هەیە پێش ئەوەی پەرلەمان دابخرێت و هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ پەسەند کردنی ئەندامێتی فینلەندا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ تەواو ببن."

هەردوو بەرپرسەکە ڕەتییان کردەوە ناوییان ئاشکرا بکرێت، چونکە هێشتا گفتوگۆکان ئاشکرا نەکراون.

لە 16 و 17 ی مانگی سێدا سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ سەردانی تورکیا دەکات، نینیستۆ وتی باوەڕی وایە کاتێک لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە ئەردۆغان ئەندامێتی فینلەندا لە ناتۆ پەسەند دەکات.

نینیستۆ بە ڕۆیتەرزی وت " ئەوەمان دەزانی کە سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان لەلای خۆیەوە بڕیاریداوە ئەندامێتی فینلەندا لە ناتۆ پەسەند بکات، ئەو دەیەوێت کۆببینەوە و بەڵێنەکەی خۆی لە سەرۆکەوە بۆ سەرۆک جێبەجێ بکات."

تورکیا چەند جارێک وتوویەتی دەبێت سوید هەنگاوی زیاتر بگرێتەبەر دژی لایەنگرانی " هێزە کوردییەکان " و ئەندامانی ئەو تۆڕەی کە ئەنکەرە پێی وایە دەستیان هەبووە لە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 ی تورکیادا.

گفتوگۆکانی نێوان سوید و تورکیا پێشڕەوییەکی کەمییان بە خۆوە بینیوە، ئەوەش دوابەدوای ناکۆکییەکانیان بەهۆی خۆپیشاندانەکانی دژ بە تورکیاوە لە ستۆکهۆڵم.

لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ سویددا، لە مانگی یەکدا ئەردۆغان بۆ یەکەمین جار ئاماژەی بەوەدا ئەنکەرە ڕەنگە یەکەمجار داواکەی فینلەندا پەسەند بکات.

ڕۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیری سوید ئولف کریستەرسن وتی ئەگەری ئەوەی فینلەندا پێش سوید ببێتە ئەندام لە ناتۆدا زیادیکردووە، ئەوەش دوای گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی سێ وڵاتەکە لە بڕۆکسل.

ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ هیوادارن دوو وڵاتەکەی باکووری ئەوروپا پێکەوە لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا ببنە ئەندام، کە بڕیارە لە 11 ی مانگی حەوتدا لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG